گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە چەوساندنەوەى نەیارەکانى تۆمەتبارى دەکات

سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تورکیا هێرشدەکاتە سەر ئەردۆگان 

2020.07.09 - 09:01
سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تورکیا هێرشدەکاتە سەر ئەردۆگان 

ناس کورد- 

سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تورکیا هێرشیکردە سەر سەرۆککۆماری وڵاتەکەیی و تۆمەتباری کرد بە فشارخستنە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتە بۆ بەرژەوەندییە حیزبییەکانی خۆی.

 

فاروق ئاران، سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تورکیا، لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیا جیهانییەکان ڕایگەیاند "سەربەخۆیی ئەنجومەنی باڵای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکیا ڕوکەشانەیە و زۆربەی ئەندامەکانی سەر بە حیزبەکەی ڕەجب تەیب ئەردۆگانن، سەرۆککۆماری تورکیا".

 

ئاران ئاماژەی بەوەشکرد "بوونی زۆرینەی ئەندامەکانی ئەنجومەنەکە لەحیزبەکەی ئەردۆگان وایکردووە لە بڕیاردەرکردندا سەربەخۆ نەبێت، زۆربەی بڕیارەکان لەبەرژەوەندی سەرۆککۆماری تورکیادا بێت".

 

 سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تورکیا، جەختی لەوەشکردوەتەوە کە لە ماوەی داهاتوودا ئەنجومەنەکە بەتەواوەتی دەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەردۆگانەوە.

 

ئاران، باسیلەوەشکردووە :"داخستنی دوو کەناڵی ئاسمانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر چالاکی ئەو ئەنجومەنە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی حیزبەکەی ئەردۆگاندا".

 

سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تورکیا وتیشی :"کەناڵە ئاسمانییە داخراوەکان نزیک بوون لە پارتی (گەلی کۆماری) کە بەدووەم گەورەترین پارتی سیاسی دادەنرێت لە تورکیا".

 

 ئاران، ئەوەشی خستووەتە ڕوو "ئەردۆگان هەموو چالاکییەکی ئۆپۆزسیۆن بە نایاسایی ناودەبات، بۆ نموونە دەتوانێت هەموومان بە تیرۆرست دابنێت، ئەردۆگان بۆ ئەوەی لە دەسەڵات بمێنێتەوە نایەوێت ئۆپۆزسیۆن لەڕێگەی کەناڵەکانەوە نزیکبێتەوە لە گەل".

 

کۆتایی مانگی ڕابردوو دادگایەکی تورکیا سێ ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکرد بە تۆمەتی ئاشکراکردنی ناسنامەی دوو ئەفسەری کوژراوی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە لیبیا، تائێستاش دەسەڵاتی ئەمنیی ئەو وڵاتە ڕاوەدوونانی ئەو ڕۆژنامەنووسانەدەکات کە تۆمەتبارن بە تێوگلان لە کودەتاکەی ساڵی 2016، کەلە ئێستادا ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسی دیاری تورکیا لە زیندانەکاندان وەک ( ئەحمەد ئاڵتان) و سەدان ڕۆژنامەنووسی دیکەش ناچاربوون وڵات بەجێبهێڵن.