گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ماوەی مانەوەى ڤایرۆسەکە لە هەوادا چەندە؟

بەڵگەى نوێى تەندروستی جیهانی لەبارەی چۆنێتی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە

2020.07.09 - 08:34
بەڵگەى نوێى تەندروستی جیهانی لەبارەی چۆنێتی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە

ناس کورد-

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکرد، بەڵگەی نوێی دەربارەی شێوازی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەوادا بەردەست بووە و لەئێستادا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی ئەو بەڵگە نوێیانەن.

 

بەرپرسێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، "بەدوری نازانین کە ڤایرۆسی کۆرۆنا توانای ئەوەی هەبێت لەکەشی شوێنە داخراوەکاندا بەئاسانی خۆی بگوازێتەوە، بەڵام ئەو بابەتە پێویستی بە دڵنیابوونەوەیەکی زیاتر هەیە".

 

 لێدوانەکەی بەرپرسی ڕێکخراوە جیهانییەکە لەکاتێکدایە کە پێشتر ڕۆژنامەی" نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە "239 زانا لە جیهاندا ئەوەیان سەلماندووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانێت لەڕێگەی تنۆکەکانییەوە خۆی بە گەردیلەکانی هەوادا هەڵواسێت و مرۆڤەکان توش بکات، بۆیە دەبێت ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی چاوخشاندنەوە بەڕێکارەکانی خۆپارێزی لەپەتاکە بکات".

 

زانایان ئاماژەیان بەوە کردووە "توێژینەوەکەیان ئەوەی سەلماندووە ئەو تنۆکە و دڵۆپە زۆر وردانەی کە لەدەمی کەسی نەخۆشەوە دێتە دەرەوە لەکاتی پژمە و کۆکەدا ماوەیەکی زۆر لەشوێنە داخراوەکاندا دەمێنێتەوە و بە مەودای 10 مەتر دەڕوات، بۆیە دانانی مەودای خۆپارێزی دوومەتر لەنێوان کەسەکاندا ئەگەری هەیە بەس نەبێت".

 

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە باسی لەوەشکردووە "زاناکان تائێستا ئەوەیان نەزانیوە ئایا ماوەی مانەوەى ڤایرۆسەکە لە هەوادا چەندە؟، بەڵام کۆکن لەسەر ئەوەی ئەگەر هەوا لەشوێنەکەدا وەستابوو ئەوا ڤایرۆسەکە ناتوانێت زۆر بمێنێتەوە و کەمیش دەڕوات".

 

 بەگوێرەی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" زانایان ئەوەیان دوپاتکردوەتەوە، "ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی کارا لەشوێنە داخراوەکان و ئەو شوێنانەی کە سیستمی هەواگۆڕکێیان تێیدا لاوازە بەئاسانی خۆی دەگوازێتەوە.

 

  چۆن خۆمان لە پەتاکە بپارێزین؟

 

 یەکەم - هەنگاوی سەرەکی پۆشینی دەمامک.

 

دووەم- ڕەچاوکردنی مەودای خۆپارێزی و شتنی دەستەکان.

 

سێیەم- دورکەوتنەوە لە جەنجاڵی و شوێنە داخراوەکان.

 

چوارەم- فەراهەمکردنی دەرچەیەک بۆ هەواگۆڕکێ لەڕێگەی کردنەوەى دەرگا و پەنجەرەکانەوە.

 

پێنجەم- دانانی فلتەری نوێ بۆ ئامێرەکانی ساردکەرەوە کە ڕێگر بێت لە دووبارە هێنانەوەى ڤایرۆسەکە بۆ ناو شوێنە داخراوەکان.