گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’نەدراوەتە سلێمانى’

پەرلەمانتارێک: تەنـدروستی عێراق هاوکاری سلێمانی کردووە بەڵام لە هەولێر هاوکاریەکان براوە

2020.07.08 - 21:54
پەرلەمانتارێک: تەنـدروستی عێراق هاوکاری سلێمانی کردووە بەڵام لە هەولێر هاوکاریەکان براوە

ناس کورد-

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى ئاشکراى کرد، لەلایەن وەزارەتى تەندروستى عێراقەوە هاوکارى نێردراوە بۆ سلێمانى بەڵام لە هەولێر ئەو هاوکارییانە براوە و نەدراوە بە سلێمانى.

 

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد "وەک وەفدی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە درێژەی چالاکیەکانمان بۆ گەیاندنی کێشەکانی هەرێم سەردانی د.حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێڕاق مان کرد".

 

پەرلەمانتارەکەى یەکێتى رونیدەکاتەوە، لە دیداریان لەگەڵ وەزیری تــەندروستی عێڕاق جەختیانکردەوە لەسەر ئەو کێشە کەڵەکەبووانەی لە کەرتی تەندروستی هەیە بەتایبەت لە پاڕێزگای سلێمانی و بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوانی پەتای کۆرۆنــا.

 

ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ وەزیری تەندروستیمان ڕوونکردەوە کە دوای بەغــدا زۆرترین ڕێژەی تووشبوان بە کۆرۆنــا لە سلێمانیــە بۆیــە پێــویستە وەک حکومەتی فـیدراڵ هـەوڵـی گــەیاندنی زۆرتــرین هـــاوکاری بدەن بۆ تەندروستی سلێمانی و قەزا وناحیەکانی .

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى ڕێزان شێخ دلێر، د.حەسەن تمیمی جەختـیکردەوە لەوەی ئەوان بە گرنگی و وردییەوە چاودێری دۆخی سلێمانی دەکـەن و چەندین جار هاوکاریان ناردوە بۆ سلێمانی بەڵام چونکە وەزیری تەندروستی هەرێم داوایکردوە ئەو هـاوکاریانە لەڕێگەی ئەوانەوە دابەش بکرێت بەشێکی زۆر کەمی گەیشتۆتە سلێمانـی  و لەماوەی ڕابردوو هاوکاری حکومەتی تورکیـاش هاتۆتە بەغدا و هەولێر بەڵام نەگەیەنراوەتە سلێمانی، بە ڕوونی پێ وتین کە" کێشەکە لە لای خۆتـانەوەیە"،  وەزیری تەندروستی وتیشی هەولێر و دهــۆک دۆخیان زۆر باشترە پێویست بوو ئەوانیش هاوکـاری سلێمانی بکـەن.

 

جەختیش لەوە دەکاتەوە "د.حــەسەن تەمیمی بەڵێنیدا کە خۆی سەردانی سلێمانی بکات".

 

پەرلەمانتارەکەى یەکێتى ئاماژە بەوە دەکات، هەر لە درێژەی گفتوگۆکانیان داوایان لە بەڕێز وەزیری تەندروستی کرد ئاگاداری کێشەی تەندروستی پارێزگای کەرکوک بێت لە زۆر بوونی ژمارەی گیانلەدەستان لە پارێزگاکە و هەروەها تەندروستی دووزخورماتو کە تەنــها یەک ئامێری هەناسەدانى دەستکردیان هەیە و هەروەها کێشەکانی تەندروستی خانەقینیش بەوردی قسەمان لەبارەوە کرد .

 

بەوتەى ڕێزان شێخ دلێر، وەزیری تەندروستی بەڵێنی جددیدا کە بەزوترین کات کاربکات و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سەردانی کردنی ئەو شارانــە.