گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح بۆ باڵيۆزانى عەرەب: لەبەرامبەر پێشێلكاريەكانى توركيا پشتگيرى عێراق بكەن

2020.07.08 - 20:01
بەرهەم ساڵح بۆ باڵيۆزانى عەرەب: لەبەرامبەر پێشێلكاريەكانى توركيا پشتگيرى عێراق بكەن

ناس کورد- 

سەرۆككۆمارى عێراق پێشوازى لە ژمارەيەك باڵيۆزانى وڵاتانى عەرەبى كرد و جەختى  لەوە كردەوە كە گرنگە پشتگيرى سەروەرى عێراق بكرێت و دەستدرێژيیە سەربازيیەكانى توركيا بوەستێنرێت.

 

نوسينگەى ڕاگەياندنى سەرۆكايەتى كۆمارى عێراق بڵاويکردەوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق  ئەمڕۆ (چوارشەممە) لە كۆشكى سەرۆكايەتى لە بەغدا پێشوازى لە باڵيۆزى ژمارەيەك وڵاتى عەرەبى كردوە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر بەهێزكردنى پەيوەندى وڵاتانى عەرەب و فراوانكردنى هاوكاريیەكان لە بوارى بنيادنان و سەرجەم بوارەكانى تر كراوە بەشێوەيەك كە بەرژەوەندى هاوبەش بەديبهێنێت.

 

ڕونيشكراوەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا سەرۆككۆمار جەختى لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە سەقامگيرى عێراق يەكێكە لە بنەما سەرەكيەكانى سەقامگيرى هەرێميى.

 

بەرهەم ساڵح باسى لەوەشكردوە، عێراق دەوڵەتێكە هێز و كاريگەرى هەرێمى و نێودەوڵەتى هەيە و پێويستە هەموان ڕێزى سەروەريەكەى بگرن و دەستوەردان نەكەن لە كاروبارى ناوخۆيى، ئەوەش لەپێناو بنيادنانى پەيوەنديەكى پێشكەوتوو كە لەسەر بنەماى لێكتێگەيشتنى هاوبەش لەسەر چەندين كەيسى ئێستا بنياد نرابێت.

 

جەختیشى لەسەر گرنگى پشتگيریكردنى رێچكەى چارەسەرى ئاشتيانە بۆ قەيران و گرژيەكانى ناوچەكە كردوەتەوە بەشێوەيەك كە ئارامى و سەقامگيرى سەرجەم دەوڵەتەكان دابين بكات، ناكرێت عێراق بەشێك بێت لە سياسەتى ميحوەرى.

 

سەرۆككۆمارى عێراق بەپێویستیزانیوە دەستدرێژيیە سەربازيەكانى توركيا بۆ سەر خاكى عێراق بوەستێنرێت، داواى هەڵوێستى دەوڵەتانى عەرەبى و کۆمکارى عەرەبيشى كردوە بۆ پشتگيرى عێراق لە بەرامبەر پێشێلكاريەكانى توركيا و پشتگيرى پاراستنى ئاسايشى و سەقامگيريەكەى بكەن.

 

هەروەها ئاماژەى بە گرنگى كارى هاوبەش بۆ دۆزينەوەى چارەسەر بۆ كێشە سنوريەكانى نێوان هەردوو وڵات بەڕێگەى دبلۆماسى و لەرێگەى گفتوگۆى جدى و كارى هاوبەشەوە كردوە.

 

هەر بەپێى ڕاگەيەنراوەكە، باڵيۆزى وڵاتانى عەرەبى پشتگيرى خۆيان بۆ عێراق و پاراستنى سەروەرى خاكەكەى لە هەر دەستوەردانێكى توركيا، ڕاگەياندوە و جەختیان كردوەتەوە كە وڵاتەكانيان سورن لەسەر بەهێزكردنى پەيوەنديەكان و فراوانكردنى هاوكارى و هەماهەنگى لەگەڵ عێراق لە چەندين بوارى هاوبەشدا.