گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كچانى منداڵ بەرامبەر كرێى خانوو.. ڕاپۆرتێك نەهامەتى كچانى سوريى لە توركيا ئاشكرا دەكات

2020.07.08 - 17:43
كچانى منداڵ بەرامبەر كرێى خانوو.. ڕاپۆرتێك نەهامەتى كچانى سوريى لە توركيا ئاشكرا دەكات

ناس کورد- 

بەهۆى قەيرانى ئابورى كە بەشێكى زۆرى بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆناوە دروستبووە، خێزانە سوريەكان كچە منداڵەكانيان لە پياوانى تورك مارە دەكەن ئەوەش لەپێناو دەستكەوتنى پارە، چالاكوانانى رێكخراوەكانى مافى مرۆڤيش هۆشدارى دەدەن.

 

بەپێى ڕاپۆرتێكى "ECPAT" كە تۆڕێكى ڕێكخراوەكانە و كار بۆ كۆتايهێنان بە ئيستغلالكردنى سێكسى منداڵان دەكەن و ڕۆژنامەى "ئينيپێندێنت"ى بەريتانى بڵاويكردوەتەوە، مارەكردنى منداڵە كچە پێنەگەيشتوەكان لە پياوانى تورك میکانزمێکى نوێى ئابورييە بۆ خێزانە سوريەكان كە هيچ ڕێگەيەكى تريان بۆ پەيداكردنى پارە و بەخێوكردنى منداڵەكانيان نييە.

 

ئەوەش هاتوە، توركيا زۆرترين منداڵى ئاوارەى لە جيهاندا تێدايە و منداڵە كچەكان مەترسى ئەوەيان لەسەرە كە بە زۆر بدرێن بە پياوان و بازرگانيان پێوە بكرێت و لەڕووى سێكسيەوە ئيستغلال بكرێن.

 

ئيزگى يەمان، ئەميندارى تۆڕەكە لە توركيا دەڵێت، گوێبيستى ئەو هەواڵانە دەبين كە باس لەوە دەكەن خێزانە سوريەكان منداڵە كچەكانيان دەفڕۆشن بۆ مارەكردنيان لەپياوان جا بە فەرمى بێت ياخود نافەرمى، هەندێك جار دەبنە ژنى دووەم و سێيەمى پياوان، ئەوەش بەهۆى كێشەى ئابوريەوە كە منداڵەكانيان بۆ بەخێو ناكرێت.

 

ئاماژەى بەوەشداوە، منداڵە كچەكان نمايشكراون بۆ هاوسەرگيرى ئەوەش بۆ ئەوەى خێزانەكانيان پارەيان دەستكەوێت تا بتوانن كرێ خانوى پێ دابين بكەن، ئاگادارى ئەوەشين كە چەندين خێزان نەيانتوانيوە كرێكەيان بدەن و پێشنيارى ئەوەيان كردوە لەبرى كرێ كچەكەيان بدەن.

 

ئيستغلالكردنى سێكسى

بەپێى گێڕانەوەى يەكێك لە چيرۆكەكان، پياوێكى تورك چەند منداڵێكى كچى سورى لايە و كاريان پێ دەكات و لە ڕووى سێكسيشەوە ئيستغلاليان دەكات، لە زۆربەى كاتەكاندا خاوەنى كچەكە بە شێوەيەكى نا فەرمى هاوسەرگیرى لەگەڵ كچە منداڵەكاندا دەكەن، سەرۆكى تۆڕى "ECPAT" دەشڵێت "ناتوانين ژمارەيەكى وردمان لەو بارەیەوە دەستكەوێت چونكە زۆربەى حاڵەتەكان بە نافەرمى ڕوودەدەن.

 

ڕونيشيكردوەتەوە، دواى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا قورسە بگەينە ئەو منداڵە سوريانە، پێشتر دەچون بۆ خوێندنگە و لەوێ ڕێوشوێنى پاراستنيان هەبوو وە مامۆستاكان لەو كێشانە ئاگاداريان دەكردنەوە.

 

لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش ڕونكراوەتەوە، بۆ يەكەمجار لە پەرلەمانى توركيا گفتوگۆ لەسەر یاسایەک كراوە كە باس لەوە دەكات ئەو پياوانەى كچانى منداڵى خوار 18 ساڵيان ئيستغلال كردوە لەڕووى سێكسيەوە و سزاى زيندانيان بۆ بڕاوەتەوە ئەوا لێخۆشبونيان بۆ دەردەكرێت ئەگەر هاوسەرگيرى فەرمى لەگەڵ قوربانيەكەدا بكەن بەڵام دەبێت جياوازى نێوان تەمەنيان كەمتر بێت لە 10 ساڵ، شارەزايانيش هۆشدارى لەو ياسايە دەدەن، چونكە كچە منداڵە پەنابەرەكان دەخاتە مەترسيەوە.

 

ئيزگى يەمان ئاماژەى بەوەشداوە، ياساكە كە ناوى لێنراوە پرۆژە ياساى "هاوسەرگيرى لەگەڵ دەستدرێژى لێكراو" لەوانەيە بگەڕێنرێتەوە پەرلەمان لەكاتێكى تردا بەڵام كاتەكە ديارى نەكراوە، ژمارەيەك لە ڕێكخراوە نا حكوميەكان دژى وەستانەوە و دواخرا لەوانەشە بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆناوە بێت، ياساكە رێگە دەدان بە دەستدرێژيكار هاوسەرگيرى لەگەڵ كچانى منداڵدا بكەن، ئەوەش دەبێتە هۆى گەياندنى زيانى زياتر بە قوربانيانى دەستدرێژى سێكسى.

 

دان پێدانەنراوە

ڕاپۆرتەكە هۆشدارى لە پڕۆژە ياساكە داوە لەوەى كە ڕێگە بە دەستدرێژيكار دەدات هاوسەرگيرى لەگەڵ منداڵاندا بكرێت و دەستدرێژى سێكسى بە ياسايى دەكات و تاوانباريش لە سزا ڕزگار دەكات.

 

نزيكەى چوار مليۆن پەنابەر لە توركيا دەژين كە سێ مليۆن و 600 هەزاريان لە شەڕ هەڵاتوون، ڕاپۆرتەكە هۆشداريش لە ئيستغلالكردنى منداڵانى سوريى لە توركيا دەدات كە بە دەگمەن دەسەڵاتداران ئاگادار دەكرێنەوە، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى كە كچانى منداڵان قوربانيەكانن.

 

ڕاپۆرتەكە باسى لەوەشكردوە، هاوسەرگيرى منداڵان و پێشوەخت و ناچارى لە توركيا هيچ نييە جگە لە "زەواجى نيكاح" لەلايەن دەوڵەتى توركيا دانى پێدا نەنراوە، بۆيە كچان و ژنانى سورى لەو هاوسەرگيريە مافى ئەوەيان نييە پاراستنى ياساييان بۆ دابين بكرێت، ئەوەش واى كردوە كە بەخراپى مامەڵەيان لەگەڵدا بكرێت.