گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تورکیا چۆن سەربازەکانی دابەزاند؟

فەرماندەیەکى پەکەکە باسى وردەکاریی شەڕى گەریلا و سوپاى تورکیا دەکات

2020.07.08 - 15:02
فەرماندەیەکى پەکەکە باسى وردەکاریی شەڕى گەریلا و سوپاى تورکیا دەکات

ناس کورد-

فەرماندەیەکى یەکینەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) کە باڵى سەربازى پەکەکەیە ڕایگەیاند، تورکیا ئەو تەکنیکانەى لەهیچ شوێنێک تاقی نەکردووەتەوە کە لە شەڕى حەفتانیندا تاقی دەکاتەوە و دەیەوێت دەست بەسەر ئەو سنورەدا بگرێت کە چل ساڵە لەژێر کۆنترۆڵى پەکەکەدایە.

 

لە ناوەڕاستى مانگى ڕابردووەوە شەڕى سەخت لەنێوان سوپاى تورکیا و پەکەکە لەناوچەى حەفتانینى سەر بە پارێزگاى دهۆک بەردەوامە، دواى ئەوەى تورکیا ئۆپراسى ئاسمانى و زەمینى دەستپێکرد.

 

فەرماندەیەکى هەپەگە بەناوى فەرمان بۆتان قسەى بۆ ئاژانسى فورات نیوزى سەر بە پەکەکە کردووە و دەڵێت،  تورکیا حەفتانین وەک دەرگای سەرەکی باشووری کوردستان دەبینێت، "ئەگەر بتوانێت حەفتانین بەدەست بهێنێت، دەتوانێت هەموو باشوری کوردستان بەدەست بهێنێت. گەریلا چل ساڵە لە حەفتانینە."

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەگەر تورکیا نەتوانێت لە حەفتانین ئەنجام بەدەست بهێنێت، لە هیچ دەڤەرێکی تر ئەنجام بەدەستناهێنێت و ناتوانێت هەرێمی ئارام دروست بکات."

 

بۆتان باسی لەوەکردووە، کە هێرشی سەر حەفتانین بەشێکە لە پلانی گەورە و دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە خواکورک، گرێ سپی و سەرێکانی دووبارە بکاتەوە.

 

"ئەو تەکنیکەی کە لە هیچ شوێنێک بەکارنەهاتووە، لێرە بەکاری دەهێنێت. لە شەوێدا 50 هەرێمی بۆردومان کرد و دواتر بە هەلیکۆپتەر هێرشیان کرد، دواتر هەوڵیاندا بە هەلیکۆپتەری سکۆرسکی سەرباز دابەزێنن، بەڵام هەموو کاتێکیش گەریلا دەستوەردانی کرد. سوپای تورکیا پێشبینی بەرخۆدانێکی بەم شێوەیەی نەدەکرد و سەری سووڕماوە". 

 

دەشڵێت، "هەر کاتێک تورکیا بیەوێت سەرباز جێگیر بکات، ڕووبەڕووی گورزی گەورەی ئێمە دەبێتەوە. چوار جار هەوڵیدا سەرباز لە سەر گردی شەهید ئادار و خانتوور دابەزێنن، بەڵام نەیانتوانی و دواتر بە بەکارهێنانی تەکنیک سەربازیان دابەزاند."

 

فەرماندە بۆتان باسى لەوەکردووە، چل ساڵە لەدژی سوپای تورک شەڕ دەکەن، دەزانن هێزی زەمینیان چۆنە "ئێمە دەیانناسین و ئەوانیش ئێمە دەناسن... هەر کەسێک هاتبێتە سنووری حەفتانین و هاوکاری دەوڵەتی تورکیا بکات، دەبێتە ئامانجی ئێمە".

 

بەوتەى ئەو فەرماندەیەى هەپەگە، تورکیا بێ کوژراوێکی زۆر نەیتوانیوە بگاتە سەر هیچ گردێک، "ئێمە دەست لە حەفتانین هەڵناگرین."

 

تورکیا تائێستا بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەى و 37 خاڵى نوێی سەربازى دروستکردووە و جەخت لە دەستبەسەرداگرتنى ئەو سنورە دەکاتەوە، لەبەرانبەریشدا پەکەکە جەخت لە بەرەنگاربوونەوەى ئۆپراسیۆنەکە دەکاتەوە.