گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد هەوڵێکى پارتى و یەکێتى بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان ئاشکرا دەکات

2020.07.08 - 11:44
ناس کورد هەوڵێکى پارتى و یەکێتى بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

پارتى و یەکێتى هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان و بەستنى کۆبوونەوەى باڵا لەنێوانیاندا، دواى ئەوەى پەیوەندییەکانیان گەیشتە ئەوپەڕى خراپى بەهۆى چەندین کێشەوە کە بەدواییانە سەریانهەڵدا.

 

هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە دواى هەڵوەشانەوەى بەستنى دوو کۆبوونەوە دێت لەچەند مانگى رابردوودا، بەهۆى ئاڵۆزبوونى زیاترى پەیوەندییەکانیانەوە لەسەر چەند کێشەیەک کە دیارترینیان بارگرژییە سەربازییەکانى زینى وەرتێ، کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ هەڵگرتنى پارێزبەندى لەسەر سۆران عومەر، پرسی شەراکەت بوو لە حکومەت.

 

سەرەڕاى ئەو کێشانە، شەڕى گەرمى ڕاگەیاندنى نێوان هەردوولا ئەوەندەى تر دۆخەکەى خراپتر کرد، بەڵام ماوەیەکە ئەو شەڕە راگەیاندنە نەماوە، ئەوەش رێگەى بۆ هەوڵەکانى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو حزب خۆشکردووە.

 

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، هەوڵ هەیە بۆ کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى و کۆبونەوە دەکرێت، بەڵام وادەکەى دیار نییە.

 

وتیشى، "ئێستا لە ڕاگەیاندن گرژییەکان نەماوە، ئەوەش هەلێکى باشە بۆ کۆبوونەوە".

 

لەبارەى چارەسەرى کێشەکانەوە، ئاراس میرخان جەختیکردەوە لە ئێستادا کۆبوونەوەکە گرنگە، دواتر بۆ چارەسەرى کێشەکان دەکرێت کۆبوونەوەى دیکەش بکرێت.

 

ئەگەر کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت دەبێتە یەکەم کۆبوونەوەى نێوان پارتى و یەکێتى لەدواى کۆتایی هاتنى کۆنگرەى یەکێتى لەکۆتایی ساڵى ڕابردوودا، کە ئەو حزبە بە کۆنگرەى نوێبوونەوە ناویبرد.

 

لەکۆنگرەکەدا هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانى و لاهور شێخ جەنگى بە هاوسەرۆکى یەکێتى هەڵبژێردران، هەروەها سەرکردایەتى و مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەرداهات، ئەوەش پارتى خستە بەردەم حزبێکى نوێوە لەرووى سەرکردایەتییەوە.

 

بەرپرسانى یەکێتى لەدواى بەستنى کۆنگرە باسیان لەپێویستى پێداچونەوە بە پەیوەندییەکانى حزبەکەیان و دانانى بنەماى نوێ بۆ حکومڕانى کرد لەگەڵ هاوبەشەکانیان لەحکومەت بەتایبەت پارتى، ئەوەش پەیوەندییەکانى ئەو دوو حزبەى خستە قۆناغێکى ترەوە.

 

حاجى مەسیفى، جێگرى بەرپرسی مەڵبەندى یەکێتى لە هەولێر بە ناس کوردى ڕاگەیاند، هەوڵ هەیە بۆ بەستنى کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى، بەڵام هێشتا کات و شوێنى ئەنجامدانى دیار نییە.

 

وتیشى، "هەوڵەکان بەردەوامن و کۆبوونەوەکە دەکرێت، کۆبوونەوە رێگەچارەیە بۆ چارەسەرى کێشەکان".

 

حاجى مەسیفى جەختیکردەوە، ئەوان وەک یەکێتى لەگەڵ ئەوەدان بەگفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەتایبەتى لەگەڵ پارتیدا.