گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تیرۆرکردنى هاشمى پەیامێک بوو بۆ کازمى .. ناوەڕۆکەکەى چییە؟

2020.07.08 - 10:33
تیرۆرکردنى هاشمى  پەیامێک بوو بۆ کازمى .. ناوەڕۆکەکەى چییە؟

ناس کورد-

تیرۆکردنى هیشام هاشمى، شیکەرەوەى بوارى ئەمنى لە عێراق شۆکێکى گەورەى لەسەر ئاستى عێراق و جیهانى عەرەبی و تەنانەت جیهانیش دروستکرد، بە پەیامێکى ڕوون بۆ مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران دادەنرێت لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە.

 

سێ چەکدار کە لەسەر ماتۆڕسکیلێک بوون، ئێوارەى ڕۆژی دووشەممە لە دورى چەند مەترێکەوە تەقەیان لە هاشمى کرد، کاتێک لەناو ئۆتۆمبیلەکەیدا بوو لەبەردەم ماڵەکەى خۆى لە ناوچەى زیونەى رۆژهەڵاتى بەغدا و بەهۆیەوە گیانى لەدەستدا.

 

مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران بەڵێنیداوە ئەنجامدەرانى ئەو کارە سزا بدات و جەختیکردووەتەوە کە رێگە بە گەڕانەوەى تیرۆرکردن نادات بۆ عێراق.

 

نادر هاشمى بەڕێوەبەرى سەنتەرى توێژینەوەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە زانکۆى دنفر بە پێگەى میدیا لاینى ڕاگەیاندووە، "پێویستە لەوە تێبگەین کە تیرۆرکردنى هیشام لە چوارچێوەى گژبوونى ئاڵۆزییەکانى نێوان ئەمریکا و ئێراندایە، کە عێراق گۆڕەپانى سەرەکى ئەو ململانێیەیە".

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "تیرۆرکردنى هاشمى وەڵامى ئێران بووە بۆ دەستگیرکردنى ئەندامانى کەتائیبى حزبوڵا". 

 

لە مانگى ڕابردوودا هێزەکانى دژە تیرۆر هەڵیانکوتایە سەر بنکەیەکى حزبوڵا لە هەوڵێکدا بە ئامانجى سنوردانان بۆ گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێران کە بەشێوەى سەربەخۆ لە عێراق کاردەکەن، هاشمى ئەو هەنگاوەى کازمى بە بوێرانە ناوبردبوو.

 

"ئێران پەیامێکى رونى دایە ئەمریکا و بەغدا کە ناوەرۆکەکەى ئەوەیە گروپەکان دەتوانن تواناى خۆیان نیشان بدەن، هاشمى بە ئامانج گیرا بەهۆى بۆچوون و رەخنەگرتن لە گروپەکان"، نادر هاشمى وایوتووە.

 

جەختیشیکردووەتەوە، دوایین کارى هاشمى پێش چەند خولەکێک لە کۆچى دوایی، رەخنەگرتن بووە لە "شانەکانى کاتیۆشا"، کە موشەکیان ئاڕاستەى نێردە دیبلۆماسییەکان کردووە لە ناوچەى سەوز، بەهۆیەشەوە روبەڕووى هەڕەشەلێکردن بووەتەوە.

 

هەموو لایەنەکان بە ئێران و گروپە چەکدارەکانیشەوە ئیدانەى تیرۆرکردنى هیشام هاشمیان کردووە، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆى بێبەریکردنى ئەو گروپانە بەوەى دەستیان لەو روداوەدا هەبێت، بەتایبەتى کەتائیبى حزبوڵا کە پەنجەى تۆمەتى ئاڕاستە دەکرێت. 

 

هەروەها وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، راپۆرتەکان دەریدەخەن کە گروپەکانى سەر بە ئێران لەپشت ئەو کارەوەن.

 

بەپێی رۆژنامەى نیۆیۆرک تایمزى ئەمریکى، تیرۆرکردنى هاشمى پەیامێک بووە بۆ حکومەتى نوێی عێراق، روبەڕووبونەوەى توندى حکومەت و هەوڵەکانى بووە بۆ سەپاندنى سەروەرى یاسا.

 

مایکل نایتس شیکەرەوەى ئەمنى لە پەیمانگاى واشنتن بۆ سیاسەتى رۆژهەڵاتى نزیک دەڵێت، "کارەکە هەمووى پەیوەستە بە کازمییەوە، لەبەرئەوەى هاشمى نزیک بووە لە سەرۆکى حکومەتەوە، رەخنەکانى هاشمى لە میلیشیاکان شتێکى نوێ نەبووە، ئەوە نوێ بووە و گۆڕاوە تەنها گەیشتنى کازمى بووە بە دەسەڵات".