گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسێكی باڵای ئەمریکی: كازمی لەناو كێڵگەی میندایە و دەبێت یارمەتی بدەین

2020.07.08 - 10:25
بەرپرسێكی باڵای ئەمریکی: كازمی لەناو كێڵگەی میندایە و دەبێت یارمەتی بدەین

ناس کورد-

جەنەڕاڵ كینس ماكینزی، فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكانی حكومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی میلیشیاكانی سەر بە ئێران دەربڕی بە تایبەت چەند ڕوبەڕووبونەوەیەكی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت لە دژی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق لە كۆتایەكانی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا.

 

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردووەتەوە، جەنەڕاڵ ئەمریكییەكە وتویەتی: "كازمی بەنێو كێڵگەی میندا پیاسە دەكات، دەبێت یارمەتیدەری بین."

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، هێشتا سەرۆكی حكومەت بەدوای گونجاوترین ڕێگەدا دەگەڕێت، ئەوەش واتای وایە ئەوان بەردەوام دەبن بۆ دۆزینەوەی لانیكەم ڕێگەیەكی باشتر و ئەوەش كارێكی نوێ نییە تایبەت بە عێراق، كاتێك سەیری مستەفا كازمی دەكات خۆی گەشبین دەبینێت بەو كارانەشی كە دەیانكات.

 

لە لێدوانێكیشیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان كاتێك كە عێراقی بەجێهێشت، ماكینزی وتی، متمانەی بە حكومەتی عێراقی هەیە كە داوای مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بكات گەرچی لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانییەوە داوای دەركردنی دەكرێت.

 

مانگی ڕابردوو واشنتۆن و بەغدا جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، هێزەكانی ئەمریكا هەوڵی دامەزراندنی بنكەی سەربازی جێگیر لەعێراقدا ناكات بەڵام بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمریكا لەگەڵ مانەوەی هێزەكانیاندان لەعێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە چەکدارەکانی.

 

ماكینزی ئەوەشی ڕەتكردووەتەوە كە قسە لەسەر ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا بكات كە پێویستە بمێننەوە و ئەوەی بەكاری بەرپرسانی سیاسی و حكومی وڵاتەكەی زانیووە.

 

لای خۆشییەوە مایك مولۆری كە بەرپرسی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە پنتاگۆنی ئەمریكا  بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا سوودی پێچەوانەی هەیە ئەوەش بۆ پێشخستنی هێزەكانی عێراق بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لەخۆیان بكەن "لەبەرامبەر كردەوە چەپەڵەكانی ئێراندا".