گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قەرز و کارەبا و فڕۆکەخانەى موسڵ

عێراق و تورکیا چەند دۆسیەیەک تاوتوێ دەکەن

2020.07.08 - 09:01
عێراق و تورکیا چەند دۆسیەیەک تاوتوێ دەکەن

ناس کورد-

 

هەردوو وڵاتى عێراق و تورکیا چەند دۆسیەیەکیان تاوتوێکرد، لەناویاندا پرسی ئەو قەرزە پێنج ملیار دۆلارییەى ئەنقەرە پێشکەشى بەغداى کردووە.

 

ئەو دۆسیانە لەکۆبوونەوەیەکى نێوان خالید بەتال نەجم وەزیرى پلاندانانى عێراق و فاتیح یەڵدز باڵیۆزى تورکیا لە عێراق تاوتوێکران، ئەوەش بەپێی بەیاننامەیەکى وەزارەتى پلاندانان کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە.

 

بەپێی بەیاننامەکە، لەۆکبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات لە بوارى ئابورى و وەبەرهێنان و چۆنیەتى گەشەپێدانیان تاوتوێکراون.

 

وەزیرى پلاندانان دەڵێت، چەندین پرسیان تاوتوێکردووە لەگەڵ باڵیۆزى تورکیا، لەوانە ئەو قەرزە پێنج ملیار دۆلارییەى کە حکومەتى تورکیا لەچوارچێوەى کارەکانى کۆنگرەى کوەیتدا پێشکەشى عێراقى کردووە، لەگەڵ پڕۆژەکانى ئاوەدانکردنەوەى فڕۆکەخانەى موسڵ، دەروازەى سنوریی دووەم، ژێرخانى پەیوەست بە ئاو، دروستکردنى ژمارەیەک نەخۆشخانە لە عێراق لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکان، تاوتوێکردنى پرسی دابینکردنى کارەبا لەرێگەى هێڵى کارەباى نێوان هەردوو وڵات.

 

لاى خۆیەوە، باڵیۆزى تورکیا لە عێراق ڕایگەیاندووە، ئەنقەرە سورە لەسەر هاریکارى ئابورى هاوبەشى نێوان هەردوو وڵات، کە خزمەتى بەرژەوەندى هەردوولا بکات.

 

جەختیشیکردووەتەوە، گەشەپێدانى پەیوەندییەکان کاریگەرى ئیجابی لەسەر ئاڵوگۆڕى بازرگانى دەبێت و دەبێتە هۆى زیادبوونى قەبارەى وەبەرهێنانى هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

 

فاتیح یڵدز هەروەها ئامادەیی کۆمپانیا تورکییەکانى پیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە جێبەجێکردنى پڕۆسەى بەندەرى فاوى گەورە.