کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح
.
پاش ئەوەی شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی شاری کەرکوکی کرد، ناس کورد ناوەڕۆکی داواکارییەکانی کورد لەو شاندە ئاشکرا دەکات، کە گرنگترینیان، ئیدارەدانی پارێزگاکەیە بە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دروستكردنی پاڵاوەگەیەك بوو.
.
كاكە ڕەش سدیق ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە هاوكات یاوەری شاندەکەی حکومەتی عێراق بوو، تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: "شاندەكەی حكومەتی عێراق لەسەر داواكاری كورد سەردانی كەركوكیان كردووە، دوای كۆبوونەوە لەگەڵ شاندەكە، یاداشتێكمان داوەتە ئەوان و چاوەڕێ دەكەین بەزوترین كات وەڵاممان بدرێتەوە".
.
ئەو ئەندامەی یەکێتی لە ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک، باسی لەوەکرد، شاندەكە هەموو داواكارییەكانی كوردی بەهەند وەرگرتووە، بۆ ئەوەی پێشكەش بە سەرۆكوەزیرانی عێراق بكرێت.
.
بە وتەی کاکە ڕەش داواكارییەكانی کورد بریتین لە "دروستكردنی ژورێكی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەعێراقییەكان، دروستكردنی پاڵاوگەیەك بۆ شارەكە كە توانای دابینکردنی زیاتر لە 150 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەبێت، نۆژەنكردنەوەی ڕێگای سەرەكی كەركوك-بەغداد، دابینكردنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ هاوڵاتیانی شارەكە و پێشخستنی كەرتی تەندروستی شارەكە لە هەموو ڕویەكەوە".
.
"بە شاندەكەی حکومەتی عێراقمان ڕاگەیاندووە، كورد بەهیچ شێوەیەك ڕازی نییە میكانیزمی 32% بۆ هەر پێکهاتەیەک بۆ ئیدارەدانی شارەكە پەیڕەو بکرێت"، ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وای وت.
.
وتیشی، شاندەكە ئاگاداركراوەنەتەوە كە دەبێت ئیدارەدانی شارەكە، بەپێی لێكەوتەی دوایین هەڵبژاردن و هەردوو سەرژمێری 1947 و 1957 بێت.
.
لە 14ی ئەم مانگە شاندێكی حكومەتی عێراقی بە سەرۆكایەتی وەزیری نەوتی عێراق، بە یاوەری وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان و جێگری وەزیری ناوخۆی عێراق و چەند پەرپرسێكی حكومی، سەردانی شاری كەركوكیان كرد، بۆ ئاگاداربوون لە گرفتەکانی شارەکە.
.
.