گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وادەى کشانەوەى فەرمى ئەمریکا لە رێکخراوى تەندروستى جیهانى ئاشکراکرا

2020.07.08 - 08:45
وادەى کشانەوەى فەرمى ئەمریکا لە رێکخراوى تەندروستى جیهانى ئاشکراکرا

ناس كورد-

 

نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەمریکا رۆژى شەشى تەموزى 2021 لە رێکخراوى تەندروستى جیهانى دەکشێتەوە، دواى ئەوەى ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ لەو بڕیارە ئاگاداریکردونەتەوە، کە رێکخراوەکە تۆمەتباردەکات بەوەى بوکەڵەیەکى دەستى چینە لەکاتى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنادا.

پێویستە لەسەر ترەمپ کە زیاتر لەمانگێک لەمەوبەر بڕیارەکەى ئاشکراکرد، سەرجەم شایستە داراییەکانى رێکخراوەکە بدات بەپێی بڕیارى کۆنگرێسى ئەمریکا لەساڵى 1948، ئەوەش بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز.

 

بەپێی پێگەى فەرمى رێکخراوى تەندروستى جیهانى، ئەمریکا لەئێستادا بڕى زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلارى رێکخراوەکە قەرزارە.

 

نانسى پیلۆسى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا، بڕیارەکەى ترەمپى بە "کارێکى گەمژانە" ناوبرد، بەو پێیەى رێکخراوەکە کاردەکات بۆ دروستکردنى هەماهەنگى لەسەر ئاستى جیهان بۆ روبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا.

 

پیلۆسى لە تویتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، لەکاتێکدا ژیانى ملیۆنان کەس لە مەترسیدایە، ترەمپ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ تێکشکاندنى کۆرۆنا پەکدەخات.

 

دەکرێت بڕیارەکەى ترەمپ پێش ئەوەى جێبەجیبکرێت هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەگەر بەرانبەر جۆ بایدنى رکەبەرە دیموکراتییەکەى شکستبهێنێت لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیدا کە لە تشرینى دووەمدا بەڕێوەدەچێت.