ناس کورد-
بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە ناحیەی هەریری سەربە قەزای شەقڵاوە، بەڕێوەبەری ناحییەکە هۆشداری دەدات لە قۆناغێکی مەترسیدار و ڕوودانی کارەسات، بەو هۆیەشەوە ماوەی پێنج ڕۆژ پشوو ڕاگەیەنرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی تەموزی 2020، لە ڕاگەیەندراوێکدا کاروان کەریم، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر ڕایگەیاند: "بەپێی ئەگەر و ئەنجامی پشکنینەکان و رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا دەبێت ڕایبگەیێنین کە لە قۆناغێکی مەترسی و لێواری کارەساتین."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "بە ڕەچاوکردنی دۆخەکە و باری گوزەرانی ھاوڵاتیان رێکارەکانمان بە مەرجی پابەندبوونی ھاوڵاتیان، نەگەیاندە بەرزترین ئاست کە بریتییە لە کەرەنتینەکردن."
ڕوونیشیکردووەتەوە: "ھەر لەو سۆنگەیەوە بە ڕاوێژ لەگەڵ قائیمقامی قەزای شەقلاوە و پارێزگاری ھەولێر بڕیارمان دا بە ڕاگەیاندنی پشوو تاکو ڕۆژی دووشەممە 12ی تەموز، لەو ماوەیە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی ئێشکگری بەردەوام دەبن لە کارە خزمەتگوزارییەکان."
کاروان کەریم ئاماژەی بەوەشكردووە: "داواکارین ھاوشارییانی ئازیز، ھاوشانی ھێزە ئەمنییەکان و حکومەت ئەرک ببینن و پابەندی تەواوی خۆپارێزی بن و تەندروستی خۆیان و خانەوادەیان بپارێزن بۆ ئەوەی بتوانین دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەین و ژیانی ڕۆژانەمان ئاسایی بەرینە ڕێ."