کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز
.
ڕوونکردنەوەیەکی لیژنهی باڵای مهراسیمی یادی ئهنفال له گهرمیان سەبارەت بە ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، دۆسیەی پەرلەمانتارێکی ئێستای فراکسیۆنی پارتیی دێنێتەبەر باس، کە "تۆمەتبارە بە دۆسیەی کوشتن و فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە".
.
لە دوای کۆتایی هاتنی مەراسیمەکانی یادی ئەنفال لە گەرمیان، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەخنەیان لە ئیدارەی گەرمیان و لیژنهی باڵای مهراسیمی یادی ئهنفال له گهرمیان گرت، بەهۆی ئەوەی وتاری سەرۆکایەتی پەرلەمانیان لە پرۆتۆکۆڵی مەراسیمەکەدا دانەنابوو.
.
پاش چەند کاتژمێرێک لە ڕوونکردنەوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، لیژنهی باڵای مهراسیمی یادی ئهنفال له گهرمیان وەڵامیان دایەوە و ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، سەرۆکایەتی پەرلەمان پەرلەمانتارێکیان ناردووە بۆ خوێندنەوەی وتارەکەیان کە "لە دادگا داواکراوە و فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە." لیژنەکەش ئەوە بە "بێڕێزی بە خەڵکی گەرمیان" ناوبردووە.
.
لە بەرامبەردا، بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا، کە وەک نوێنەری سەرۆکایەتی پەرلەمان بەشداری لە مەراسیمەکەدا کردبوو، سەرجەم ئەو قسانەی ڕەتکردەوە و بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "بەهیچ شێوەیەک من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ خەڵکی گەرمیاندا نییە، بەڵکو ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی کەلار کێشەیان لەگەڵ مندا هەیە و ئەوان ڕێگەیان نەدا من وتاری سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بخوێنمەوە، بەڵام ڕێگەیان دا وتاری پەرلەمانی عێراق و حکومەتی عێراق بخوێندرێتەوە".
.
پەرلەمانتارەکەی پارتی لە دادگاوە داوا کراوە و بەپێی نوسراوێکی دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار، کە بەرواری 18/10/2015 ی لەسەرە بە ماددەی (406) گرتننامە بۆ "بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا، بەرپرسی پێشووی ناوچەی کەلاری پارتی دیموکراتی کوردستان"، لە دادگاوە داواکراوە، کە دەستگیربکرێت.
.
ئەو ماددەیەی ئەو پەرلەمانتارەی پێ تۆمەتبارە سزای قورسی لەسەرە، لەوبارەیەوە کارزان فازڵ، پارێزەر و یاساناس، بۆ ناس کورد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ماددەی (406) لە یاساکانی سزادانی عێراقی تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست، "بەڵام بەپێی بارودۆخی جیاواز سزاکەشی جیاوازە کە زۆرترینیان زیندانی هەتاهەتایی یاخود لە سێدارەدانە".
.
هەروەها بەپێی نوسراوێکی بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان کە لە بەرواری 29/8/2016 دەرچووە و گشتاندنی بۆ کراوە بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دەستگیرکردنی بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا، بەرپرسی پێشووی ناوچەی کەلاری پارتی دیموکراتی کوردستان، لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پۆلیسی گەرمیان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "ئەو کەسە کە ئێستا پەرلەمانتارە تۆمهتباری راستهوخۆیه به كوشتنی خۆپیشاندەرێک لهخۆپیشاندانهكهی 2015 ی كهلاردا و یاداشتی دهسگیركردنی ههیه، بەڵام ئەوکات کە فەرمانی دستگیرکردنی بۆ دەرچووە، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان هەڵاتووە و دواتر نوسراوی دەستگیرکردنەکەی نێردراوە بۆ پارێزگاکانی دیکە، بەڵام دەستگیرنەکرا".
.
پەرلەمانتارەکەی پارتی سەبارەت بەو دۆسیەیە دەڵێت: " من لە کاتی خۆپیشاندانەکانی 2015دا لە گەرمیان نەبووم و ئەوکات کە خۆپیشاندانەکان کە پشێوی لێکەوتەوە بەداخەوە کە دوو کەس بوونە قوربانی و یەکیکیان کادری پارتی دیموکرات بوو، بەهیچ شێوەیەک من پەیوەندیم بە ڕووداوەکەوە نییە و خەڵکی گەرمیان خۆشیان ئەوە دەزانن و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ مندا نییە، بەڵکو تاوانەکە هی ئیدارەی گەرمیانە و خەڵکیش باش ئەوە دەزانن".
.
بە وتەی بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا، ئەو دۆسیەیە سیاسییە و لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی گەرمیانەوە بۆی دروستکراوە کە یەکێتی و گۆڕانن.
.
بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا، بەرپرسی پێشووی ناوچەی کەلاری پارتی، ساڵی 2018 لەسەر لیستی پارتی خۆی کاندید کرد بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و خۆکاندید کردنیش لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆمەڵێک مەرج و ڕێکاری هەیە کە پێویستە دۆسیەی کەسی کاندیدکراوی پێدا تێپەڕێت.
.
لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەریمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە دەکات وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوە لە ناوی کاندیدەکان دەکات نەک ئەوان.
.
شیروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "کێشەکە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئێمە ئەو کەسانەی خۆیان کاندید کردووە، ناوەکانمان ناردوون بۆ وەزارەتی ناوخۆ و ئەوان لێکۆڵینەوەیان لە دۆسیەکانیان کردووە و تەنها ناوی یەک کاندید ڕەتکرایەوە کە کاندیدێکی تورکمان بوو، جگە لەوە سەرجەم ناوەکانی دیکە قبوڵکران".
.
وتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی ناوخۆ پەیوەندی بە دادگاکانەوە هەیە و ئەگەر کێشەیەک لە دۆسیەی هەر کاندیدێکدا هەبوبێت، پێویستبوو ئەوان لیکۆلینەوەی لەسەر بکەن.
.
لەو بارەیەوە بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکرد، دۆسیەی ئەو چووەتە وەزارەتی ناوخۆ و ئەگەر هەر تۆمەتێک یاخود دۆسیەیەکی هەبوایە، ئەوا ڕێگەیان نەدەدا خۆی کاندید بکات و دەستگیریش دەکرا.
.
بە وتەی شیروان زرار، هەرکەسێک تۆمەتی دزیکردن، دەستدرێژی سێکسی، ساختەکردن و خیانەت لە نیشتیمانی هەبێت، ناتوانێت خۆی کاندید بکات بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا.
.
.