گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەقاڵێكی کفری دوای دوو ڕۆژ لە ’’ڕفاندنی’’ ئازاد دەکرێت و ئاسایشیش بە سیناریۆی دەزانێت (تایبەت)

2020.07.07 - 20:12
بەقاڵێكی کفری دوای دوو ڕۆژ لە ’’ڕفاندنی’’ ئازاد دەکرێت و ئاسایشیش بە سیناریۆی دەزانێت (تایبەت)

ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح

پاش ڕفاندنی بۆماوەی دوو ڕۆژ هاوڵاتییەکی شاری کفری ئازاد کرا، برایەکی ڕفێندراوەکەش دەڵێت، ئەوانەی براکەیان ڕفاندووە چەتەی عەرەب بوون نەوەک چەکدارانی داعش، بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیانیش جەختدەکاتەوە کە داعش "ناتوانێت لەسنوری ئەوان کەس بڕفێنێت" و ئەوەی ڕوویداوە تەنها "سیناریۆیە".

 

دوو ڕۆژ لەمەوبەر کەریم فەتحوڵا کە هاوڵاتییەکی قەزای کفرییە، لەسەر ڕێگای نێوان قەزای کفری و شارەدێی (جەبارە) کە دەکەوێتە سنوری پارێزگای دیالە و بە دوری 10 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری کفرییەوە دوورە، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە ڕفێندرا، ئەمڕۆ سێشەمەش ئەو هاوڵاتییە لەلایەن ئەو چەکدارانەوە ئازادکرا و گەڕایەوە ناو خانەوادەکەی خۆی.

 

لەوبارەیەوە سەباح فەتحوڵا، برای هاوڵاتییە ڕفێندراوەکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی وت: "براکەم بەمەبەستی پەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەی کە پێشەی بەقاڵە ویستویەتی بچێتە ناحییەی جەبارە، بەڵام لەسەر ڕێگای نێوان کفری و جەبارە لە نزیک گوندی (ئیمام خەلیلە) لەلایەن چەند چەکدارێکەوە ڕێگایان لە ئۆتومێلەکەی گرتووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنکی نادیار".

 

وتیشی: "براکەم کەسێکی تریشی لەگەڵدا بووە لە ناو ئۆتومبێلەکەی لە ئێستادا ئەویش ئازاد کراوە".

 

سەباح فەتحوڵا ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوانەی براکەمیان ڕفاندووە چەکداری داعش نەبوون، بەڵکو ڕێگر و چەتەی عەرەب بوون".

 

هەر لەوبارەیەوە شایەتحاڵێک کە ئاگاداری ڕووداوەکەیە لە شاری کفری و نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ناس کوردی وت: "ئەو هاوڵاتیە پیشەی پۆلیسی فریاکەوتنە، بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی لەکاتی موڵەتەکانیدا کاری بەقاڵی دەکات، بۆیە زۆر زەحمەت بوو بۆ خانەوادەکەی کە لەلای ئەو چەکدارانەی  کوڕەکەیان ڕفاندوە ئاشکرا بێت کە پیشەی پۆلیسە، لە ترسی ئەوەی نەوەکو بیکوژن".

 

وتیشی: "چەکدارەکان ئۆتۆمبێلەکەیان نەبردووە، بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەی جۆری بارهەڵگری دووتەنی بەناو دۆڵ و بەرزاییەکانی حەمریندا بردویانن، تا ماوەیەکی زۆریش مۆبایلەکەی کراوە بووە لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرک مۆبایلەکەی داخراوە".  

 

سەبارەت بە چۆنێتی ئازادکردنی (کەریم)ی برای، سەباح فەتحوڵا ڕەتیکردووە هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدات و وتی: "لەبەر سەلامەتی خۆمان و براکەم ناتوانین لەوبارەیەوە قسەبکەین".

 

"سیناریۆیەکی دروستکراوە!"

بەڵام نەوشیراون ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان قسەیەکی جیاوازتری هەیە، ئەو بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "سنورەکانمان پارێزراوە، هیچ کەسێک ناتوانێت لە ناو سنوری دەسەڵاتی هێزەکانمان کەس بڕفێنێت".

 

وتیشی: "بەبڕوای ئێمە ڕووداوی ڕفاندنەکە ڕاست نییە، بەڵکو سیناریۆیەکی دروستکراوە، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ڕفێندراوەکان هۆکار و ئەنجامەکانمان بۆ ئاشکرا دەبێت".

 

بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان ڕوونیشکردەوە، ڕووداوەکە لەسنوری دەسەڵاتی ئەواندا نەبووە، بەڵکو لە سنوری دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراقدا ڕوویداوە. 

 

بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان باسی لەوەشکرد: "هەرچەندە سنورێکی فراوانمان هەیە لەگەڵ سنوری ناوچە دابڕاوەکان کە لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی عێراقدان، بەڵام سنورەکانمان توند و تۆڵکردووە و چەکدارانی داعش و چەکدارانی تریش نەیانتوانیوە دزە بکەنە ناوچەکانی سنوری دەسەڵاتمانەوە".

 

"بەهیچ شێوەیەک ژمارە ڕفاندنی هاوڵاتیان لە سنوری دەسەڵاتی ئێمەدا زیادی نەکردووە، ئەوەی ڕوودەدات لە ناوچە دابڕاوەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدایە"، بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان وای وت.