گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

سەرجەم بیرەکان لە ژێردەستی عیراقن

مەڵبەندی یەکێتی: بیرە نەوتییەكانی كەركوك لەژێردەستی یەكێتیدا نین

2019.03.03 - 20:10
مەڵبەندی یەکێتی: بیرە نەوتییەكانی كەركوك لەژێردەستی یەكێتیدا نین

 

ناس کورد-

جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی ئاشکرایدەکات پرسی رادەستكردنەوەی بیرە نەوتیەكانی كەركوك بە پارتی لەلایەن یەكێتییەوە، وەك "خەیاڵ" وایە چونكە هیچ بیرە نەوتێك لەكەركوك لەژێر دەستی یەكێتیدا نییە.

 

ڕەوەند مەلا مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتیدا بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "سەبارەت بەو هەواڵانەی بڵاوكراونەتەوە كە پارتی مەرجی بۆ دەنگدان بە كاندیدەكەی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك ئەوەیە، بیرە نەوتەكانی بای حەسەن‌ و هاڤانا وەرگرێتەوە، كە پێشتر لەلایەن كۆمپانیای كارەوە سەرپەرشتی دەكرا، ئەوا ئەو دوو بیرە نەوتە ‌و هیچ بیرە نەوتێكی تری شارەکە لەژێر دەستی یەكێتی نییە تا بتوانێت رادەستی پارتی بكاتەوە".

 

وتیشی: "ئەو بیرە نەوتانەی كەباس دەكرێت سەرجەمیان لەژێر سەرپەرشتی ‌و دەسەڵاتی حكومەتی عێراق‌ و وەزارەتی نەوتی عیراقدایە".

 

لەبارەی ئەگەری پێكهێنانی یەك لیست لەنێوان پارتی‌ و یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، رەوەند مەلا مەحمود روونیكردەوە: "كەس ناتوانێت موزایەدەی یەك لیستی بەسەر یەكێتییەوە بكات ‌و یەكێتی خۆی هەمیشە داكۆكی لەسەر ئەوە كردووە كە بەیەك لیست حزبە كوردستانییەكان لەكەركوك بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن، بەڵام لەلایەن لایەنی دیكەوە بەربەست بۆ ئەم یەك لیستییە دادەنرا".

 

بە گوێرەی وتەکانی ئەو كارگێڕەی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی تا ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، تەنها یەك كەسی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەستنیشان كردووە كە ئەویش رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە.