گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قۆناغێکى نوێی دانوستان بەڕێوەیە

هەرێم و بەغدا؛ رێککەوتن بۆ ئەمساڵ یان ساڵى داهاتوو؟ [تایبەت]

2020.07.07 - 15:44
هەرێم و بەغدا؛ رێککەوتن بۆ ئەمساڵ یان ساڵى داهاتوو؟ [تایبەت]

ناس کورد-

دانوستانەکانى هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان لێنەکەوتووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر نەوت و بودجە، پەرلەمانتارێکیش پێشبینیدەکات رێککەوتنێک بکەن کە بۆ ساڵى داهاتوو جێبەجێبکرێت.

 

دانوستانەکان مانگى ڕابردوو دەستیانپێکردەوە، دواى ماوەیەکى زۆر لە وەستانیان، بەڵام گەیشتن بە رێککەوتنى لێنەکەوتەوە و هەردولا خۆیان بۆ خولى نوێ ئامادەکردووە تا بتوانن بگەن بە رێککەوتن.

 

حکومەتى هەرێم لە دانوستانەکاندا رەزامەندیداوە لەسەر رادەستکردنى نەوت و نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان، بەڵام بەغدا رەزامەندینەداوە لەسەر ئەو بڕە پارەیەى کە هەرێم داوایدەکات کە بڕەکەى بە 900 ملیار دینار دادەنرێت.

 

شیروان میرزا ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند "بریارە بەم نزیکانە شاندى هەرێم بچێتەوە بەغدا، هەردولا جگە لە رێککەوتن هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەمدا نییە بەتایبەتى هەرێم".

 

وتیشى "هێشتا دوو پرسی سەرەکى هەن کە کێشەیان لەسەرە، ئەوانیش ئەو بڕە پارەیەى هەرێم داوایدەکات لەبەرانبەر رادەستکردنى نەوت و نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان، لەگەڵ پرسی شایستە داراییەکانى کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان کە لە هەرێم کاردەکەن".

 

هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا روبەڕووى ئاستەنگ بوونەتەوە بۆ دابینکردنى پارە بۆ خەرجییەکانیان و دابەشکردنى موچە بەهۆى پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوتەوە، بۆیە هەریەکەیان دەیانەوێت رێککەوتنێک بکەن کە پارەیان بۆ دەستەبەر بکات، ئەوەش پێدەچێت گەیشتن بە رێککەوتنى قورسکردبێت.

 

شیروان میرزا وتى "ئەو پارەیەى هەرێم داوایدەکات بەغدا دەڵێت نیەتى، بەڵام رەنگە لەسەر برێکى مامناوەند رێکبکەون، هەرچەندە هێشتا ئاماژەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن نزیک نییە، بەڵام هەردوولا هیچ بژاردەیەکى دیکەیان نییە"".

 

دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان و شاندى هەرێم بۆ بەغدا دواى دانوستانەکانى مانگى ڕابردوو تەنها جەختیان لە بەردەوامبوونى دانوستانەکان کردەوە، لە ئاماژەیەکى رووندا بۆ بەرەوپێشنەچوونى دانوستانەکان.

 

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم کۆتایی مانگى ڕابردوو لەکۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندى دانوستانکارى هەرێم جەختیکردەوە، هەرێم لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی تێدا پارێزراو بێت و هەرگیز سازش لەسەر مافەکانیان ناکەن.



جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بۆ ناس کوردى رونکردەوە، هەرێم هێشتا لەوە تێنەگەیشتووە کە بەغداى ئێستا جیاوازە لەوەى ڕابردوو لە سێ رووەوە، یەکەم حکومەتى ئێستا بەتەوافوقى ژێر بەژێر نەهاتووە، دووەم شەقام دژى هەرێم هاندراوە، سێیەم خەزێنەى بەغدا خاڵییە و پارەى پێویستى لەبەردەستدا نییە.

 

ئاشکراشیکرد، هەرێم داواى 900 ملیار دینارى لە بەغدا کردووە، بەڵام بەغدا جەختیکردوەتەوە کە ئەو پارەیەى نییە و رەنگە هەر رازبێت مانگانە 450 ملیار رەوانەى هەرێم بکات، کە بەشى موچەى فەرمانبەران ناکات.

 

جەمال کۆچەر پێشبینیدەکات هەرێم و بەغدا رێککەوتنێک بکەن بۆ ساڵى داهاتوو نەک بۆ ئەمساڵ، چونکە عێراق بۆ ئەمساڵ پڕۆژەى بودجەى نییە "لەئێستادا عێراق عاشقى رێککەوتن نییە لەگەڵ هەرێم، بۆیە هەوڵدەدات زۆرترین مەرج بسەپێنێت و سازش بە هەرێم بکات".

 

جەختیشیکردەوە، تاکە رێگە لەبەردەم هەرێم ئەنجامدانى چاکسازیی ناوخۆییە، ئەوەش بەوتەى ئەو "نیمچە مەحاڵە".