گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئامادەى هاوکارى نێوان هەرێم و بەغداین بۆ گەیشتنە رێککەوتن

2020.07.07 - 15:12
نەتەوە یەکگرتووەکان: ئامادەى هاوکارى نێوان هەرێم و بەغداین بۆ گەیشتنە رێککەوتن

ناس کورد-

نوێنەرى سکرتێری گشتی ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیی نیشاندا بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و بنەڕەتی و درێژخایەن کە جێی ڕەزامەندی هەردوولا بێت.

نوسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد " ئەمڕۆ (سێشەممە) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێنین هێنیس- پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و هەوڵەکانی چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کراوە.

 

ئاماژە بەوەش کراوە کە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئامادەیی نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و بنەڕەتی و درێژخایەن کە جێی ڕەزامەندی هەردوولا و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

 

لە راگەیەندراوەکە رونکراوەتەوە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە کە دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی بەردەوامە بە ئامانجی چارەسەکردنی هەموو کێشە هەلپەسێردراوەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر بنەمای دەستوور.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختیشی لە گرنگیی کاراکردنەوەی میکانیزمی هەماهەنگی هاوبەشی ئەمنی کردەوە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.