گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وڵاتێکى ئەوروپى سەماکردن لە ئاهەنگەکانى بوک گواستنەوە قەدەغە دەکات

2020.07.07 - 14:31
وڵاتێکى ئەوروپى سەماکردن لە ئاهەنگەکانى بوک گواستنەوە قەدەغە دەکات

ناس کورد-

سەرەڕاى بڕیارى هەڵگرتنى قۆناغبەندى رێوشوێنەکانى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا لەسەرتاسەرى جیهان، هێشتا بەلجیکا بەشێک لە رێوشوێنەکانى هێشتووەتەوە کە دەبنە هۆى هەراسانکردنى خەڵک و بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە.

 

دەسەڵاتدارانى کەرتى تەندروستى ئەو وڵاتە لەم چەند هەفتەیەى ڕابردوودا پرسی رێگەپێدانیان بە سەماکردن لە ئاهەنگەکانى بوک گواستنەوە تاوتوێکرد، بەگوێرەى سەنتەرى زانیاریی تایبەت بە قەیرانەکان سەر بە وەزارەتى تەندروستى بەلجیکا، سەماکردن رەنگە ببێتە هۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا بۆیە پێویستە قەدەغە بکرێت.

 

سەنتەرەکە لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەرى خۆى بڵاویکردوەتەوە ڕایگەیاندووە، رێگە بە سەماکردن نادرێت، تەنها رێگە بە بوک و زاوا دەدرێت لەسەرەتاى ئاهەنگەکەدا کەمێک سەما بکەن.

 

ئيريكا فليج، شارەزاى بەلجیکى بەرپرس لە رێوشوێنەکانى هەڵگرتنى کۆتوبەندەکان دەڵێت، دەکرێت خەڵک زیاتر تێکەڵ بن لەکاتى ئاهەنگەکاندا، هەناسەدان زیاتر بێت بەهۆى ماندوبونیانەوە، حەزیان زیاتر بێت بۆ گۆرانى و مۆسیقا، ئەوانەش ببنە هۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە.

 

بەگوێرەى ئامارەکان، لەبەلجیکا 61838 حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە، کە 9771 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

بەلجیکا رێگەیداوە بە کۆبوونەوەى خەڵک بە بەشدارى 200 کەس لە شوێنى داخراو، لەگەڵ 400 کەس لەدەرەوە لە یەکى ئەم مانگەوە، هەروەها رێگەدراوە بە کردنەوەى مەلەوانگە و سینەما و هۆڵەکانى ئاهەنگگێڕان، بەڵام تائێستا فێستیڤاڵ و شوێنەکانى سەماکردن، یانە شەوانەکان داخراون.

 

هەروەها رێگە بە ئەو کەسانە دراوە کە لەیەک ماڵدا دەژین پێکەوە بچنە بازاڕ، بەستنى دەمامکیش کارێکى ئارەزومەندایە، بەڵام ئامۆژگارى خەڵک کراوە لەشوێنە گشتییەکان لەدەموچاوى بکەن.