گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى ناوخۆى عێراق راگەیەندراوێکى لەبارەى تیرۆرکردنى هاشمى بڵاوکردەوە

2020.07.07 - 08:38
وەزارەتى ناوخۆى عێراق راگەیەندراوێکى لەبارەى تیرۆرکردنى هاشمى بڵاوکردەوە

ناس کورد-

وەزارەتى ناوخۆى عێراق راگەیەندراوێکى لەبارەى تیرۆرکردنى هیشام هاشمى توێژەرى سیاسى و ئەمنى دیارى عێراق، بڵاوکردەوە.

 

لە راگەیەندراوەکەى وەزارەتى ناوخۆى عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە "لەبارەى روداوى تیرۆرکردنى هیشام هاشمى، شارەزاى ئەمنى و توێژەرى سیاسى لەلایەن کەسانى نەناسراوەوە لە ناوچەى زیونەى شارى بەغدا و لەچوارچێوەى بەدواداچوونى لێکۆڵینەوەکان و هەواڵگرییەکان بۆ دۆزینەوەى تاوانباران و رادەستکردنیان بۆ بەردەم دادگا، عوسمان غانمى، وەزیرى ناوخۆ بڕیارى پێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى دەرکرد بەسەرۆکایەتى بریکارى وەزارەتبۆ کاروبارى هەواڵگرى و لێکۆڵینەوەى ئیتیحادى و ئەندامێتى بەڕێوەبەرى گشتى هەواڵگرى و بەڕێوەبەرى نەهێشتنى تاوان لەشارى بەغدا".

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، وەزیرى ناوخۆى عێراق فەرمانى کردووە بە پێکهێنانى لیژنەیەکى تر بۆ لێکۆڵینەوە لە بۆشایى ئەمنى ئەو ناوچەیەى کە روداوەکەى تیادا رویداوە.

 

شەوى رابردوو لەلایەن چەند چەکدارێکى نەناسراوەوە لەبەردەم ماڵەکەى خۆى لە گەڕەکى زیونە لە شارى بەغدا، هیشام هاشمى شرۆڤەکارى سیاسى و ئەمنى دیارى عێراق تیرۆرکرا.

 

تیرۆرکردنى هاشمى کاردانەوەى ناوەندە سیاسییەکەى عێراق و ناوچەکە و دەرەوەى لێکەوتەوە.

 

ڕاگەیاندنى حەشدى شەعبى لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هاشمى لەسەر دەستى گروپە تیرۆریستییەکان تیرۆرکراوە و داوا لە دام و دەزگا ئەمنییەکان دەکەن بەدواداچون بۆ ئەو تاوانە بکەن و ئەنجامدەرانى دەستگیر بکەن. 

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، هاشمى بەدیارترین نوسەرى تایبەتمەند بە داعش و گروپە "تیرۆریستییەکان" ناسراوە و رۆڵى گەورەى هەبووە لە ئاشکراکردنى نهێنییەکانیان. 

 

هاوکات مستەفا کازمی ڕاگەیەنراوێکی لەبارەى تیرۆرکردنی ناوبراد بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هیشام لەسەر دەستی گروپێکی چەکدار لە دەرەوەى یاسا کوژراوە، ئەو دەنگێکی پشتگیریکاری بوو لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق." 

 

دەشڵێت، بەڵێنی سزادانی ئەو لایەنە دەکات کە کارەکەى کردووە و "ڕێگە نادەین چیتر کردەى تیرۆرکردن بگەڕێتەوە بۆ عێراق." 

 

لاى خۆیەوە، جنین بلاسخارت نێردەى نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، توشى شۆک بوون بە بیستنى هەواڵى تیرۆرکردنى هاشمى و بەتوندى ئیدانەى دەکەن، داواشى لە حکومەت کردووە بەزویی ئەنجامدەرانى ئەو کارە دیاری بکات و رادەستى یاسایان بکات. 

 

هاوکات عزەت شابەندەر سیاسەتمەدارى عێراقى هۆشداریداوە لە دەستپێکردنى قۆناغى "پاشەگەردانى و نەمانى ئاسایش" دواى تیرۆرکردنى هاشمى. 

 

هیشام هاشمی توێژەرەى ئەمنى عێراقى پێش کەمتر لە کاتژمێرێک لە تیرۆرکردنى لە هەژمارى خۆى لە تویتەر باسى لە دابەشبوونى عێراق کردووە. 

 

هاشمى لەتویتەکەیدا نوسیویەتى، دابەشبوونەکانی عێراق  پشتڕاستکرانەوە یەکەم -  بەئەو نەریتە پشکپشکێنەی کە داگیرکەر لەگەڵ خۆی هێنای، شیعە، سونە، کورد، تورکمان و کەمینە کە ناوەرۆکی  پێکهاتەکانی عێراقە 

 

دووەم-  حیزبەکانی دەسەڵات شیعە، سونە ، کورد و تورکمان دەیانەوێت بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ڕێگەی دابەشبوونەوە بەدەست بهێنن. 

 

سێیەم- حیزبە ئاینییەکان ڕکابەرێتییەکانی خۆیان گۆڕیوە بۆ ڕکابەرێتی تایفەگەری. 

 

هیشام هاشمی، لە ساڵی  1973 لە شاری بەغدا لە دایکبووە، مێژوونوس وتوێژەرێکی شارەزا بووە لە بواری ئەمنی، ستراتیژی و گروپە چەکدارەکان. 

 

دەرچوی کۆلێژی ئابورییە بەشی ژمێریاریییە  یەکێک بووە لەو کەسانەی کە لە ساڵی 1997 چاودێری چالاکی گروپە ئیسلامییە عێراقییەکانی کردووە. 

 

ڕۆڵی باڵای گێڕاوە لە توێژینەوە لە دەستنوسە فقهییەکان و فەرمودەکانی پێغەمبەر(د.خ). 

 

لە ساڵی 2002 لە سەردەمی ڕژێمی سەدامدا زیندانیکراوە. لە ساڵی 2003 لە زیندان ئازادکراوە و دەستی کردووە بەکاری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ژمارەیەک کەناڵ و ڕۆژنامەی بیانی کە زۆربەی ڕاپۆرت و نوسینەکانی دەرباری نەخشەی گروپە چەکدارەکان بووە لە عێراق. 

 

بەهۆی ئەوەی هاشمی یەکەم کەس بووە کە پەردەی لەسەر بیروهزر، ناوی سەرکردەکانی گروپی (ئەنسار ئیسلام، قاعیدە و داعش لە عێراق و سوریا) لاداوە، چەندین جار لەلایەن ئەو گروپانە  بە "نۆکەرو هەڵگەڕاوە" لە قەڵەم دراوە.