ناس کورد-
ڤیدیۆی ساتی تەقەکردن و تیرۆرکردنی هیشام هاشمی، شیکەرەوەیەکى دیارى ئەمنى عێراقى لە بەغدا بڵاو کرایەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لیوا سەعد مەعن بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى وەزارەتى ناوخۆى عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشێکى چەکداریی کراوەتە سەر هیشام هاشمى شارەزاى ئەمنى و بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانى لەدەستداوە.
بەپێی میدیاى فەرمى عێراق، هاشمى لەبەردەم ماڵەکەى خۆى لەبەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکى نەناسراوەوە تەقەى لێکراوە و بەهۆیەوە گیانى لەدەستداوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، چەکدارەکان هەڵهاتوون و تا ئێستا دەستگیرنەکراون.
هیشام هاشمى ئەندامى ئەنجومەنى راوێژکارى عێراقى (IAC) یە، توێژەرى کاروبارى گروپە توندڕەوەکانە و چەندین بابەت و توێژینەوەى هەیە لەبارەى پرسی ئەمنى و ستراتیژى.
هیشام هاشمی توێژەرەى ئەمنى عێراقى پێش کەمتر لە کاتژمێرێک لە تیرۆرکردنى لە هەژمارى خۆى لە تویتەر باسى لە دابەشبوونى عێراق کردووە.
هاشمى لەتویتەکەیدا نوسیویەتى، دابەشبوونەکانی عێراق پشتڕاستکرانەوە یەکەم - بەئەو نەریتە پشکپشکێنەی کە داگیرکەر لەگەڵ خۆی هێنای، شیعە، سونە، کورد، تورکمان و کەمینە کە ناوەرۆکی پێکهاتەکانی عێراقە
دووەم- حیزبەکانی دەسەڵات شیعە، سونە ، کورد و تورکمان دەیانەوێت بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ڕێگەی دابەشبوونەوە بەدەست بهێنن.
سێیەم- حیزبە ئاینییەکان ڕکابەرێتییەکانی خۆیان گۆڕیوە بۆ ڕکابەرێتی تایفەگەری.
هیشام هاشمی، لە ساڵی 1973 لە شاری بەغدا لە دایکبووە، مێژوونوس وتوێژەرێکی شارەزا بووە لە بواری ئەمنی، ستراتیژی و گروپە چەکدارەکان.
دەرچوی کۆلێژی ئابورییە بەشی ژمێریاریییە یەکێک بووە لەو کەسانەی کە لە ساڵی 1997 چاودێری چالاکی گروپە ئیسلامییە عێراقییەکانی کردووە.
ڕۆڵی باڵای گێڕاوە لە توێژینەوە لە دەستنوسە فقهییەکان و فەرمودەکانی پێغەمبەر(د.خ).
لە ساڵی 2002 لە سەردەمی ڕژێمی سەدامدا زیندانیکراوە. لە ساڵی 2003 لە زیندان ئازادکراوە و دەستی کردووە بەکاری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ژمارەیەک کەناڵ و ڕۆژنامەی بیانی کە زۆربەی ڕاپۆرت و نوسینەکانی دەرباری نەخشەی گروپە چەکدارەکان بووە لە عێراق.
بەهۆی ئەوەی هاشمی یەکەم کەس بووە کە پەردەی لەسەر بیروهزر، ناوی سەرکردەکانی گروپی (ئەنسار ئیسلام، قاعیدە و داعش لە عێراق و سوریا) لاداوە، چەندین جار لەلایەن ئەو گروپانە بە "نۆکەرو هەڵگەڕاوە" لە قەڵەم دراوە.