گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تورکیا لەبارەى ئۆپراسیۆنەکەیەوە رونکردنەوە دەداتە عێراق

پەکەکە: گەریلایەکمان بە بریندارى کەوتە دەست تورکیا بەڵام حەوت سەربازیان کوژراوە

2020.07.06 - 19:35
پەکەکە: گەریلایەکمان بە بریندارى کەوتە دەست تورکیا بەڵام حەوت سەربازیان کوژراوە

ناس کورد-

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی (هەپەگە) باڵى سەربازى پەکەکە، کوژرانى حەوت سەربازى تورکیاى ڕاگەیاند، بەهۆى هێرشى گەریلاکانەوە لە حەفتانین و گەڤەر، تورکیاش دەڵێت، پاشەکشە ناکەن و رونکردنەوەى پێویست دەدەنە عێراق لەبارەى ئۆپراسیۆنەکەیانەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوێکى ناوەندەکە، رۆژى 5ی تەموز لە گردی کۆردینەى هەفتانین گەریلاکانى پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەر سوپاى تورکیا و بەهۆیەوە سەربازێک کوژراوە. هەمان ڕۆژ بەهۆى پێکدادانەکانەوە دوو سەربازى دیکە کوژراون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەروەها لە سنورى گەڤەری جولەمێرگ رۆژى پێنجى ئەم مانگە، گەریلاکان هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێڵی جۆری کیرپی سوپای تورکیا و  ئۆتۆمبێڵەکە تێکشکێنراوە و چوار سەربازیش کوژران.

 

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی (هەپەگە)باسى لەوەشکردووە،  لە ٨ی حوزیراندا لە دەشتی سلۆپی جوودی گەریلایەک بە ناوی ڕۆژ لە شەڕدا بریندار بوو و کەوتوەتە دەست سوپاى تورکیا.

 

پێکدادانەکانى نێوان سوپاى تورکیا و پەکەکە لە ناوەڕاستى مانگى ڕابردووەوە پێیانناوەتە قۆناغێکى نوێوە، دواى ئەوەى سوپاى تورکیا ئۆپراسیۆنێکى بەرفراوانى زەمینى و ئاسمانى لەسنورى پارێزگاى دهۆک دژى پەکەکە دەستپێکرد.

 

تورکیا چەندین خاڵى نوێی سەربازى لەو سنورە دروستکردووە، سەرەڕاى ناڕەزایی بەغدا لەبارەى بەزاندنى خاکى ئەو وڵاتەوە لەلایەن تورکیاوە.

 

حامى ئاکسۆى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا ئەمرۆ دووشەممە جەختیکردەوە کە وڵاتەکەى پاشەکشە ناکات و بەردەوام دەبێت لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەى.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، تورکیا ئامادەیە سەرجەم رێوشوێنە پێویستییەکان بگرێتە بەر بۆ بەرگریکردن لەخۆى دژى پەکەکە، ئەنقەرە لەکاتێکى گونجاودا رونکردنەوەى پێویست دەداتە بەغدا لەبارەى ئۆپراسیۆنەکەیەوە.