گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’وەک بۆمبی ئەتۆم وایە’’

ڕۆژنامەیەکى بەریتانی: زوکەربێرگ دیکتاتۆرە و فەیسبوک لە کۆریای باکور مەترسیدارترە

2020.07.06 - 18:47
ڕۆژنامەیەکى بەریتانی: زوکەربێرگ دیکتاتۆرە و فەیسبوک لە کۆریای باکور مەترسیدارترە

ناس کورد-

ڕۆژنامەیەکی بەریتانی بڵاویکردەوە، هیچ هێزێک لەسەر زەوی توانای لێپێچینەوەی لە کۆمپانیای فەیسبوک نییە، ئەو زەبەلاحە شینە لەماوەی ڕابردوودا مەترسی گەورەی کردوەتە سەر ئاسایش، پێکەوە ژیان و دیموکراسی لە جیهاندا، توانای ئابوریشی لە سیستمی سەرمایەدارێتی جیهان زیاترە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "تەلگراف"ی بەریتانی، سەرباری ئەوەی یەکێتی ئەوروپا و کۆنگرێسی ئەمریکی بەبڕی پێنج ملیار دۆلار سزای کۆمپانیای فەیسبووکیان داوە بەهۆی تێوگلانی لە دۆسێی فرۆشتنی داتای ملیۆنەها بەکارهێنەری تۆڕەکە کە ناسراوە بە دۆسێی (کامبریج ئەنالەتیکا)، بەڵام ئەو سزادانە هیچ سودێکی نەبووە و جارێکی دیکە بە کۆمپانیا شینەکە بە هەمان هێزو توانای جارانی گەڕاوەتەوە گۆڕەپانەکە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەڵمەتی دابڕان و گەمارۆی سێ کۆمپانیای بەناوبانگەکانی جیهانی (کۆکاکۆلا)، (یونیلیڤێر) و (ستاربۆکس) بۆ کۆمپانیا شینەکە لە قەدەغەکردنی ڕێکلامەکانیان لەو کۆمپانیایە ئەگەری هەیە سودێکی بەرچاوی هەبێت لە سزادانی، چونکە تاکە ڕیگایە کە فەیسبوک لێی تێدەگات.

 

قڕکردنی بەکۆمەڵ

ڕۆژنامە بەریتانییەکە پێیوایە کۆمپانیای فەیسبوک وەک چەکێک ئاسانکاری بۆ چەندین کاری "تیرۆرستی و گێرەشێوێنی" کردووە، ئاسانکاریشی کردووە بۆ هێرشکردنە سەر هەڵبژاردنەکان ئەمریکا لەلایەن هێزێکی بیانییەوە، پەخشی ڕاستەوخۆی کوشتارگەی هەردوو مزگەوتەکەی وڵاتی نیوزیلەندای بڵاوکردەوە، هەروەها ڕۆڵی باڵای هەبووە لە هاندان دژ بە موسڵمانانی ڕۆهێنگا لە وڵاتی میانمار.

 

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تەلگراف، لە ئێستادا کۆمپانیای فەیسبوک دزەی کردووەتە ناو ماڵی زیاتر لە دوو ملیار و 600 ملیۆن کەس لە جیهاندا و بەئاسانی لەلایەن هاککەرەکانەوە دەتوانرێت ئەو تۆڕە هاک بکرێت و زانیاری تایبەت و نهێنی ئەو کەسانە بدزن.

 

ڕۆژنامە بەریتانییەکە باسی لەوەشکردووە، "زۆرجار خەڵکی جیهان کۆمپانیای فەیسبوک بە دەوڵەتێکی گەورە دەشوبهێنن، چونکە ژمارەی بەشداربووانی لە ژمارەی دانیشتوانی چین زیاترە، بەڵام پێیانوایە ئەگەر بە واقیعی فەیسبوک دەوڵەت بووایە ئەوا دەوڵەتێکی دکتاتۆری و زۆرداردەبوو وەک کۆریا باکور و لەلایەن ئیمپراتۆرەکەیەوە بەڕێوەدەبرێت کە ئەوەش مارک زوکەربێرگە بە تاکڕەی بەڕێوەدەچووە کە بەهیچ شێوەیەک گوێ بە ڕەخنەکان نادات، لە ئێستادا ئەو کۆمپانیایە لە چەکی ئەتۆمیش مەترسیدارترە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، شەش ڕێکخراوی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئەمریکا لە ئێستادا هەڵمەتی (وتاری ڕقوکینە ڕابگرن لە پێناو قازانج) دەستپێکردووە دژ بە کۆمپانیای فەیسبوک کە تێیدا داوایانکردوە کۆمپانیاکان لە سەرەتای مانگی تەموزەوە چیدی ڕیکلامەکانیان لەو کۆمپانیاییە ڕاگرن بە تایبەتی پاش ئەوەی فەیسبوک ڕەتیکردەوە پۆستێکی دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژ بە خوپیشاندەرانی ئەمریکا بسڕێتەوە.  

 

 هەڕەشەکردن بۆ سەر دیموکراسی

ڕۆژنامەی تەلگراف لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، کاریگەری دابڕان و گەمارۆی کۆمپانیای فەیسبوک ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەرهەموو جیهان و مەترسێکی گەورەشە بۆ سەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا ئەنجامبدرێت.

 

 بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، فەیسبوک ڕۆڵێکی نەرێنی بینوە لە چەواشەکردنی هاووڵاتیانی سێ وڵاتی جیهان لە سەردەمی کۆرۆنادا (ئەمریکا، بەریتانیا و بەرازیل) بەجۆرێک سەرۆکەکانی ئەو سێ وڵاتە تواناکانی ئەو کۆمپانیا شینەیان قوستەوە بۆ مەرامەکانی خۆیان و چەواشکردن و هەڵخەڵتاندنی گەلەکەیان لە بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست دەربارەی پەتاکە.

 

بەبڕوای ڕۆژنامەی تەلگراف، مارک زوکەربێرگ زۆر لە سەرۆکی کۆریا باکور بەهێزترە، سەرباری ئەوەی کە لەئێستادا زیاتر لە 500 کۆمپانیای جیهانی چونەتە ڕیزی هەڵمەتی دابڕان و گەمارۆی  دژ بە کۆمپانیا شینەکە، بەڵام ئەو پرسە تەنها کاریگەری لە 5%ی دەبێت لەسەر داهاتی فەیسبوک، بۆیە بەبڕوای شارەزایان کۆمپانیاکە لە وڵاتی چین و لەکۆى گشتی سیستمی سەرمایەدارێتی جیهانیش بەهێزترە.