گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرەى تورکمانى هۆشدارى دەدات

ئایا پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کەرکوک؟

2020.07.06 - 16:50
ئایا پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کەرکوک؟

ناس کورد-

پرسی گەڕانەوەى پیشمەرگە بۆ کەرکوک بەپێی رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغدا جارێکى تر بە گەرمى باسى لێوەدەکرێت، دواى رێککەوتنى ئەمدواییەى نێوان هەرێم و بەغدا بۆ دروستکردنى سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش لەناوچە جێناکۆکەکان، ئەوەش مشتومڕى لێکەوتووەتەوە.

 

 

پێنج شەممەى ڕابردوو، شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدایان کرد و له‌گه‌ڵ شاندی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان کۆبوونەوە، بەمەبەستى دروستکردنەوەى هەماهەنگى سەربازى و پاراستنى سنورەکان.

 

دواى کۆبوونەوەکە، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ کراوە لەبارەی کاراکردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی‌ كاری هاوبەش و ناوه‌نده‌كانی هه‌ماهەنگی هاوبه‌ش كه‌ پێشتر له‌ نێوان هەردوولادا هه‌بوون.

 

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، هەروەها لەکۆبوونەوەدا باس له‌ چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كرا به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا مه‌ترسیه‌كانی تیرۆریستانی داعش زیادى كردووه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچەكانی مادده‌ی 140.    

 

جەبار یاوەر ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، رێککەوتن کراوە لەسەر دروستکردنى چوار سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لەناوچەکانى سنورى ماددەى 140 کە پێکهاتوون لە دیالە و کەرکوک و مەخمور و موسڵ.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، لەئێستادا گفتوگۆ هەیە لەبارەى میکانیزمى کارکردنى ئەو سەنتەرانە.

 

تا ئێستا نوسینگەى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران و فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق هیچ لێدوانێکى لەو بارەیەوە نەداوە، بەڵام دوێنێ  فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند، لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە رێککەوتوون بۆ دروستکردنى سەنتەر و خاڵى هاوبەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنى سەقامگیریی ئەو ناوچانەى کە هێزەکانى پاسەوانى هەرێم و هێزە فیدراڵییەکانى تێدا نییە.  

 

لیوا تەحسین خەفاجى، وتەبێژى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، دواى بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵانەى باس لە هەوڵى داعش و گروپە چەکدارەکان دەکەن بۆ دزەکردنیان لە سوریاوە بۆ عێراق، کۆبوونەوەیەکى ئەمنیان کردووە لەگەڵ پاسەوانى سنورى هەرێم بۆ رێککەوتن لەسەر کۆنتڕۆڵکردنى سنورەکان و ئەو ناوچانەى کە گروپە چەکدارەکان دەکرێت بەکاریبهێنن بۆ کردەوە توندوتیژییەکانیان.  

  

باسى لەوەشکردووە "لەکۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کراوە لەسەر دروستکردنى سەنتەر و خاڵى هاوبەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئەو ناوچانە کە هیچ هێزێکى لێ نییە".  

 

پرسی گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ کەرکوک مشتومڕى دروستکردووە و بەرەى تورکمانى داواى لە مستەفا کازمى کردووە پاشەکشە لە بڕیارەکەى بکات.

 

 لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپیەکى دەست ناس کورد کەوتووە، بەرەى تورکمانى ڕایگەیاندووە "بڕیارەکەى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان لەو بارەیەوە تاکلایەنە و بووە بە تەوافوق لەگەڵ حکومەتى هەرێم دراوە".

 

جەختیشیکردووەتەوە "پارێزگاى کەرکوک لەرووى دەستورییەوە لەدەرەوەى سنورى هەرێمدایە، بوونى پێشمەرگە تێیدا پێچەوانەى رونى دەستورە".