ناس کورد-
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق، پێشنیارێكی نوێ بۆ كۆتایهێنان بە دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق دەکات و دەڵێت، بەكارهێنانی كارتی ئابوری و بازاڕكاری بۆ فشارخستنە سەر ئەو وڵاتە كارتێكی سەركەوتووە، داواش دەكات بەغدا و هەرێم پێکەوە کاربکەن لەو بارەیەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەعران عەجایبی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بەمیدیاکانى ڕاگەیاند، ئیدی سەرکۆنەکردنى دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق هیچ سودێكی نیە و دەبێت ئەو کارە كۆتایی پێبهێنرێت و ڕێگەیەكی سیاسی بۆ بدۆزرێتەوە و داواش دەكات شاندێك بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە و فشارخستنە سەر توركیا سەردانی ئەو وڵاتە بكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پێویستیان بەچارەسەرێكی سیاسی بۆ كۆتایهێنان بەو دۆسیەیە هەیە لەڕێگەی پێكهێنانی شاندێكی پەرلەمانیی و حكومیی لەبەغدا و هەرێم و لەسەر شتێك ڕێكبكەون و دواتر بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو پرسە لەڕووی سیاسیەوە زیاتر وەك لەسەربازی بەرەو تورکیا بكەونە ڕێ.
پەرلەمانتارەكە باسی لەوەش كردووە، توركیا پاساوی ئەوەی هەیە كە پەكەكە خاكی عێراق بۆ دژایەتی و لێدان لەبەرژەوەندییەكانی بەكاردەهێنێت، بۆیە پێویستە دەربكرێن.
عەجایبی بەپێویستیشی دەزانێت پێش كەوتنەڕێ بۆ توركیا، هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو پرسە ڕێكبكەون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەكارهێنانی كارتی ئابوری و بازاڕكاری بۆ فشارخستنە سەر ئەو وڵاتە كارتێكی سەركەوتووە، چونكە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەئاستێكی بەرزدایە.