ناس کورد-
بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی دەڵێت، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا خێرایی با گەیشتە 30 بۆ 40 کم لە کاتژمێرێکدا و لەپاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە خاودەبێتەوە، بەڵام لەڕۆژانی داهاتوودا ناوبەناو ڕەشەبا هەر دەبێت، بەگوێرەی پێشبینییەکانیش پلەکانی گەرمی بەرزدەبنەوە.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە ناس کوردی وت: "لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان کەوتەژێر نزمە پاڵپەستۆ و بارستە هەوایەک بەتایبەت لەناوچەکانی باکورەوە کە سەرچاوەی ئەو ڕەشەبا بەهێزەیە لە هەرێم و بەتایبەت لە سلێمانی."
وتیشی: "بەگوێرەی ئەو خێراییەی ئێمە تۆمارمان کردووە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا خێرایی با گەیشتووەتە 30 بۆ 40 کم لە کاتژمێرێکدا."
دەربارەی وادەی کۆتایی هاتنیشی ئاماژەی بەوەکرد: "لەپاشنیوەڕۆی ئەمڕۆو خێرایی با کەمدەبێتەو، بەڵام لە سبەینێ و ڕۆژانی داهاتوو ناوبەناو خێرایی با هەر بەردەوام دەبێت و دیارنییە کەی کۆتایی دێت."
هاوکات بەگوێرەی پێشبنییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تەموزی 2020، بەرزترین پلەی گەرما لە هەولێر 41 پلە ونزمترین 30 دەبێت، لە سلێمانی و دهۆک بەرزترین 39 و نزمترین 29 پلە دەبێت، هەروەها لە کەرکوکیش 44 بە 33 پلە دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتى گشتى کەشناسیى و بومەلەرزەزانى هەرێم پێشبینى ئەوە دەکات، سبەینێ سێشەممە گۆڕانکارییەکی ئەوتو ڕوودانەدات و تەنها پلەکانی گەرمی چەند پلەیەک بەرزبنەوە.