گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’يانەى شەوانە و بازرگانى بە مرۆڤەوە’

 دواى نەمانى هاوکارییەکانى ئێران ميليشياكانى عێراق چۆن خۆيان بەخێو دەكەن؟ 

2020.07.06 - 09:20
 دواى نەمانى هاوکارییەکانى ئێران ميليشياكانى عێراق چۆن خۆيان بەخێو دەكەن؟ 

ناس کورد-

دواى داڕمانى ئابورى وڵاتى ئێران بەهۆى سزاكانى ئەمريكاوە بۆ سەر ئەو وڵاتە، ميليشياكانى عێراق كە لەلايەن تارانەوە پشتگيرى ماددى دەكرێن دەستيان كردوە بە دابينكردنى سەرچاوەى دارايى، بەپێى زانياريەكانيش "يانە شەوانەكان و بازرگانى كردن بە مرۆڤەوە" لەو رێگايانەن كە پەنايان بۆ بردوە.

 

بەپێى ڕاپۆرتێكى ماڵپەرى "الحرة"، ميليشيا عێراقيەكان كێشەى داراييان بۆ دروستبوە و بەدواى چارسەرى شوێنگرەوەدا دەگەڕێن بۆ مسۆگەركردنى سەرچاوەى داراييان، ئەو ميليشيا عێراقيانە كە دەسەڵاتێكى زۆريان هەيە لە گرنگترينيان "كەتيبەكانى حزبوڵڵا" و " "عەسائيبى ئەهلى حەق" و "نوجەباء" سەرچاوەى دراييان لە كۆنترۆڵكردنى چەندين چالاكى بازرگانى دەبينێتەوە كە هەندێكيان گومانيان لەسەرە و ناياساين.

 

ماڵپەرەکە لە چەند سەرچاوەيەكى هەواڵگريەوە بڵاويكردوەتەوە، بەپێى زانياريەكان جۆرێك لە پاراستن و پاسەوانيكردن بەرامبەر پارە هەيە كە ميليشياكان بەسەر يانە شەوانەكان و هۆڵەكانى قومار و دوكانەكانى فڕۆشتنى مەى لە بەغدا سەپاندويانە.

 

سەرچاوەيەكى هەواڵگرى باسى لەوە كردوە، ئەو پاسەوانيەى ميليشياكان بۆ ئەو شوێنانە دابينيان كردوە بريتييە لە پاراستن لە" لێپرسينەوەى حكومى و تەقاندنەوە و كوشتن" و رێگەگرتن لە دروستبونى ڕكابەر بۆيان.

 

ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، "ئەو دوكان و شوێنانەى كە پارەى مانگانە نادەن ئەوا لەلايەن ميليشياكانەوە هێرشيان دەكرێتە سەر".

 

لەماوەى ڕابردودا ميليشياى كەتيبەكانى حزبوڵڵا هێرشيان كردە سەر خاڵى سنورى قائم لەگەڵ سوريا و چەند كارمەندێكيان دەستگير كرد، هۆكارى هێرشەكە بەڕوونى ديار نييە بەڵام بەپێى سەرچاوە ئاگادارەكان بەهۆى ئەو قاچاخچێتيەوە بووە كە ميليشياكان لە ناوچەكەدا ئەنجامى دەدەن.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ميليشياكان لەرێگەى ئەو ئاوەى كە قائم لە باغۆزى سوريا جيادەكەنەوە قاچاخچێتى دەكەن، ڕۆژانە دەيان بەلەم بە قاچاخ دەبەن كە پڕن لە كاڵاى تر و تەنانەت چەكداريش، هەروەها خەڵكيش لە سنورەكان دەپەڕێننەوە ئەويش لەبەرامبەر پارەدا، بۆ هەر كەسێك 200 دۆلار وەردەگرن ئەوەش لەبەرامبەر ئەوەى ڕێگەى پێبدەن كە بەبێ پاسپۆرت بچێتە خاكى سورياوە، سەرەڕاى ئەوەى كەسوكارى چەكدارانى داعش لە خێوەتگەكانى سورياوە بەرامبەر پارە دەهێننە عێراقەوە.

 

ئەحمەد زوبەيدى، ڕۆژنامەنوس و شارەزاى كاروبارى ميليشياكان دەڵێت، ميليشياكان پێويستيان بە سەرچاوەى دارايى بەردەوام هەيە ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى تەنها بودجەيەكى كەميان دەوێت، بەڵام ميليشيا گەورەكان كەناڵى ئاسمانى و ڕاديۆ و ڕۆژنامە و سوپايەكى ئەلكترۆنييان هەيە، ئەوەش سەرەڕاى باڵى چەكدارى ئاشكرا و نهێنى و دەيان بارەگا لە دەرەوە و ناوەوەى عێراق، هەروەها سەدان ئۆتۆمبێليان هەيە، ئەوەش پێويستى بە پارەى زۆرە.

 

باسى لەوەشكردوە، ئەو ميليشيايانە بەشێكى زۆرى سەرچاوەى داهاتيان لە ئێرانەوە بوو هەروەها لەلايەن حزبوڵڵاى لوبنانيشەوە هاوكارى دەكرێن، بەڵام لەئێستادا قەيرانى ئابورى قورس لە هەردوو وڵات هەيە ئەوەش واى كردوە هاوكاريەكان لاواز ببن.

 

پێش ساڵێك ڕێكخستنى لايەنى دارايى ميليشياکان ئاسان بوو، ئێران وەبەرهێنانى لەو ميليشيايانەدا دەكرد چونكە كاريگەرى گەورەيان لەسەر بڕيارى عێراقى بۆ دروست كردبوو، هەروەها گرەنتى بەرژەوەندى ئابورى تارانيان لە عێراقدا دەكرد كە ئەوەش بە سيەكانى ئێران بۆ هەناسەدان دادەنرێت لەكاتێكدا كە سزاكانى ئەمريكاى بەسەردا سەپێنراوە.

 

عەلى مەعمورى، شارەزاى ئابورى و پياوى كار دەڵێت، بانكە ئێرانيەكان و بانكە هاوكارەكانى ئێرانيش ئاسانكاريان بۆ دەكرێت لە مەزادى دراوى عێراقيدا بەهۆى ئەوەشەوە مليۆنان دۆلار بەدەستدەهێنن، هەروەها ئاسانكاريان لە هاوردەكردندا بۆ دەكرێت و كۆت و بەنديش لەسەر كشتوكاڵ و پيشەسازى نيشتمانى بەتايبەتى ئەوانەى ڕكابەرى كاڵاى ئێرانى دەكەن دادەنرێت.

 

پێشى وايە، پەيوەندى ئابورى لەگەڵ ئێراندا سودەكەى تاكلايەنە بۆ ئەو وڵاتە و ميليشياكانيش گرەنتى ئەوە دەكەن كە بەو شێوەيە بمێنێتەوە، ئەوەى كە ئەو ميليشيايانە پشتى پێدەبەستن زيادبونى چالاكى ئابوريە ئەوەش پەيوەندى بە ئابوريەكى باشەوە هەيە لەناوخۆ، ئەوەى جێى گاڵتەپێكردنە ئەوەيە هەر ئەو ميليشيايانە خۆيانن كە هۆكارێكى گەورەبوون بۆ تێكچونى بارودۆخى ئابورى و ئێستاش خۆيان باجەكەى دەدەن.

ئەو شارەزا ئابوريە جەختیش دەكاتەوە، لە بيروبۆچونى ئابوريەوە ميليشياكان ئێستا زۆر لاواز بوون و ئەوەش واى لێكردون كە سەركێشى بكەن و چالاكيەكانيان ئاشكرا بكەن، چونكە سەرچاوەى داراييان نەماوە و قورسە بەردەوام بن، بەتايبەتى كە لەئێستادا گەورە بوون.