گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توێژینەوەیەکى نوێ هیوا بۆ چاکبووانى کۆرۆنا دەگەڕێنێتەوە

2020.07.06 - 08:24
توێژینەوەیەکى نوێ هیوا بۆ چاکبووانى کۆرۆنا دەگەڕێنێتەوە

ناس کورد-

توێژینەوەیەکى نوێ دەریدەخات کە زۆرینەى زۆرى توشبووانى کۆرۆنا هەستەکانى بۆنکردن و تامکردنیان بۆ گەڕاوەتەوە، لەماوەى مانگێکدا دواى چاکبوونەوەیان لە ڤایرۆسەکە.

 

بەپێی توێژینەوەکە کە لە گۆڤارى "جاما"ى تایبەت بە نەخۆشییەکانى قوڕگ و گوێ و لوت بڵاوکراوەتەوە، 90%ى توشبووانى کۆرۆنا کە هەستى بۆنکردن و تامکردنیان لەدەستداوە لەماوەى مانگێکدا چاکبوونەتەوە.

 

هەروەها تیمێکى نێودەوڵەتى توێژەران توێژینەوەیەکیان ئامادەکردووە لە ئیتاڵیا و 187 توشبوویان وەرگرتووە کە دۆخى تەندروستیان پێویستى نەکردووە ببرێنە نەخۆشخانە.

 

توێژەرەکان داوایان لەو کەسانە کردووە هەستەکانى بۆنکردن و تامکردنیان تاقیبکەنەوە دواى ماوەیەکى کورت لە توشبوونیان، پاشان جارێکى تر دواى مانگێک ئەو کارە دوبارە بکەنەوە.

 

دواى دوبارەکردنەوەى تاقیکردنەوەکە، 113 کەسیان وتویانە کە هەستیان بە گۆڕانکاریی کردووە لە هەستى تامکردن و بۆنکردن، 55 کەسیشیان بەتەواوى چاکبوونەتەوە، هەروەها 46 کەسیان هەستیان بە باشبوونى نیشانەکان کردووە، بەڵام 12 کەسیان وتویانە نیشانەکانیان هیچ گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە بەڵکو خراپتر بووە.

 

د.کلیر هوبکنز یەکێک لەو توێژەرانەى بەشدارى توێژینەوەکەى کردووە دەڵێت، توێژینەوەکە دەریدەخات کە زۆرینەى توشبووان دۆخیان باش بووە و بەڵام بەشێکیان پڕۆسەى چاکبوونەوەیان خاو بووە.