گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سعوديە ڕێنمايى نوێى حەجى ڕاگەياند.. دەستبردن بۆ بەردە ڕەشەكە قەدەغەيە

2020.07.05 - 23:35
سعوديە ڕێنمايى نوێى حەجى ڕاگەياند.. دەستبردن بۆ بەردە ڕەشەكە قەدەغەيە

ناس کورد- 

عەرەبستانى سعوديە رێنمايى و پرۆتۆكۆڵى تايبەت بە حەجى ئەمساڵ ڕاگەياند كە تەنها چەند هەفتەيەكى ماوە، ئەوەش دواى ئەوەى بەهۆى ڤايرۆسى كۆرۆناوە لەماوەى ڕابردودا بڕياريدا مەراسيمى حەج بە ژمارەيەكى كەم بەشداربوەوە ئەنجام بدات.

 

ناوەندى نيشتمانى سعوديە بۆ پاراستن لە نەخۆشيەكان و بەرەنگاربونەوەى سەبارەت بە پرۆسەى ئەمساڵى حەج ڕايگەياندوە، پێويستە ئەنجامدانى پرۆسەى تەواف بە دەورى كەعبەدا رێكبخرێت، بەجۆرێك كە لانيكەم مەترو نيوێك دورى لەنێوان ئەنجامدەرانى پرۆسەكە هەبێت و قەرەباڵغى كەمبكرێتەوە و ڕێكخەران دابنرێن بۆ دڵنيابونەوە لە جێبەجێكردنى ڕێنماييەكان.

 

ڕونيشيكردوەتەوە، هەروەها پێويستە ڕێگە نەدرێت دەست لە كەعبە و بەردە ڕەشەكە بدرێت ياخود ماچيان بكرێت و بەربەست دابنرێت بۆ ڕێگەگرتن لە نزيكبونەوە لێيان، هەروەها ڕێگە نەدرێت كە قەرەباڵغى لەبەردەم بەرادەكانى ئاوى زمزم دروست بكرێت و لەسەر زەويش هێماى تايبەت دابنرێت بۆ دوركەوتنەوەى كۆمەڵايەتى.

 

بەپێى ڕێنماييەكان، پياوانى ئەمن و سەرپەرشتياران دابين دەكرێن بۆ گرەنتيكردنى ئەنجامدانى ڕێنماييەكان، هەروەها بەرماڵەكان هەڵدەگيردرێن و حاجيەكان پێويستە بەرماڵى تايبەتى خۆيان بەكاربهێنن و بەردەواميش حەرەم پاكژدەكرێتەوە و کەرەستەى پاکژکەرەوە لەسەرجەم شوێنەكان دابين دەكرێت.

 

هەرچى سەبارەت بەوانەيە كە گومانى توشبوون بە كۆرۆنايان لێ دەكرێت و لەلايەن پزيشكەوە پشكنينيان بۆ دەكرێت، ڕێگەيان پێدەدرێت كە پرۆسەى حەج تەواو بكەن ئەويش لەگەڵ ئەوانەى كە گومانيان لەسەرە و لە شوێنى تايبەتيش نيشتەجێ دەكرێن و بەپێى بارودۆخيان خشتەى تايبەتيان بۆ دادەنرێت.

 

ناوەندەكە جەختیشى كردوەتەوە، پێويستە گەرمى سەرجەم حاجيەكان و كارمەندان ڕۆژانە بپێورێن، هەروەها ئەو پاسانەى كە حاجيەكان دەگوازنەوە نابێت لە 50% زياتر لە تواناى پاسەكان بگوازنەوە و پێويستە لانيكەم لەنێوان هەردوو حاجيەكدا كورسيەك بەتاڵ بێت.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، خاڵى پشكنينى پلەى گەرمى لەسەرجەم دەرگاكان و شوێنەكانى نيشتەجێبون و شوێنى وەستانى پاسەكان و حەرەمى مەلەكى و شوێنە پێويستەكانى تر دادەنرێن و پرسياريش سەبارەت بە تا، كۆكە، تەنگەنەفەسى، ئازار لە قوڕگدا و نەمانى هەستى تامكردن و بۆنكردن و هەڵامەت لە هەموان دەكرێت.

 

لە ئەگەرى تۆماركردنى حاڵەتێكى توشبوون لەناو كارمەندان و حاجيان و كرێكاراندا ڕێوشوێنى پێويست دەگيرێتە بەر و پێويستە ژوورى جياكردنەوە بۆ حاڵەتە گومانلێكراوەكان دابين بكرێت بۆ ئەوەى كەرەنتين بكرێن تا لايەنى تايبەتمەند دەچێتە لايان و بۆ ماوەى دوو هەفتەش چاودێرى گومانلێكراوەكان دەكرێت ئەويش لەڕێگەى تەكنەلۆژيا و بازنەى چاودێرى ئەلكترۆنى كە لە دەستيان دەكرێت و پابەند دەكرێت دواى پرۆسەى حەج بۆ ماوەى دوو هەفتە لە كەرەنتيندا بن.