گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى بەرگرى عێراق رێککەوتنى لەگەڵ پێشمەرگە ڕاگەیاند

2020.07.05 - 18:47
وەزارەتى بەرگرى عێراق  رێککەوتنى  لەگەڵ پێشمەرگە ڕاگەیاند

ناس کورد-

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى سەر بە وەزارەتى بەرگرى عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە رێککەوتوون بۆ دروستکردنى سەنتەر و خاڵى هاوبەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنى سەقامگیریی ئەو ناوچانەى کە هێزەکانى پاسەوانى هەرێم و هێزە فیدراڵییەکانى تێدا نییە.

 

لیوا تەحسین خەفاجى، وتەبێژى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، دواى بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵانەى باس لە هەوڵى داعش و گروپە چەکدارەکان دەکەن بۆ دزەکردنیان لە سوریاوە بۆ عێراق، کۆبوونەوەیەکى ئەمنیان کردووە لەگەڵ پاسەوانى سنورى هەرێم بۆ رێککەوتن لەسەر کۆنتڕۆڵکردنى سنورەکان و ئەو ناوچانەى کە گروپە چەکدارەکان دەکرێت بەکاریبهێنن بۆ کردەوە توندوتیژییەکانیان.

 

وتیشى "لەکۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کراوە لەسەر دروستکردنى سەنتەر و خاڵى هاوبەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئەو ناوچانە کە هیچ هێزێکى لێ نییە".

 

 تەحسین خەفاجى باسى لەوەشکردووە، هەرچەندە مەترسی چاوەڕوانکراوى گروپە چەکدارەکان لەو ناوچانە گەورە نییە و جێگەى نیگەرانى نییە، بەڵام فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان تواناى رەوادونانى ئەو گروپانەى هەیە.

 

ئەوەشى خستووەتەروو، هاوپەیمانانیش لاى خۆیانەوە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر گروپە چەکدارەکان، کە دواترینیان بۆردومانکردنیان بوو لەلایەن هێزى ئاسمانى ئیسپانیاوە، سەرجەم رێوشوێنەکانیش بۆ رێگریکردنە لە دزەکردنى تیرۆریستان لەخاکى سوریاوە بۆ عێراق.

 

پێنج شەممەى ڕابردوو، شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدایان کرد و له‌گه‌ڵ شاندی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان کۆبوونەوە.

 

بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتی پێشمەرگە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ کراوە لەبارەی کاراکردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی‌ كاری هاوبەش و ناوه‌نده‌كانی هه‌ماهەنگی هاوبه‌ش كه‌ پێشتر له‌ نێوان هەردوولادا هه‌بوون، هەروەها باس له‌ چۆنیەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كرا به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا مه‌ترسیه‌كانی تیرۆریستانی داعش زیادى كردووه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچەكانی مادده‌ی 140.  

  

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی دیدارو کۆبوونەوەکان و بڕیاریشه‌ له‌ کۆتایی ئەم مانگەدا شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بکات.