گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆخی تەندروستیی هەرێم بەرەو کوێ؟

تەندروستیی هەرێم بۆ هاوڵاتیان: بەمشێوەیە بەردەوامبن دوو هەفتەی داهاتوو ئەنجامی دڵخۆشکەر دەبینن

2020.07.05 - 11:35
تەندروستیی هەرێم بۆ هاوڵاتیان: بەمشێوەیە بەردەوامبن دوو هەفتەی داهاتوو ئەنجامی دڵخۆشکەر دەبینن

ناس کورد-

هەرچەندە ژمارەی توشبووانی ڕۆژانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هێشتا بەرزە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، تاڕادەیەکی باش لە خۆپارێزی و هۆشیاری هاوڵاتیان ڕازین و بەردەوامی لە پابەندبوونیشیان بە ڕێنماییەکان لە هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەی داهاتوودا دەردەکەوێت و ئەنجامی دڵخۆشکەری دەبێت.

 

لە کۆتایی مانگی ئایاردا ژمارەی توشبووانی ڕۆژانەی کۆرۆنا لە هەرێم بەرەو بەرزبوونەوە چوو، تا گەیشتە ئەوەی تائێستاش ڕۆژانە زیاتر لە 100 بۆ زیاتر لە 200 حاڵەتی نوێی توشبوون تۆماردەکرێت، هاوکات ڕێژەی گیانلەدەستدانیش بەهەمانشێوە زیادیکردووە.

 

محەمەد قادر خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەماوەی ڕابردوودا نزیکەی هەفتەیەک قەدەغەی هاتوچۆ لە هەولێر و ڕێکارەکانی داخستنی بەشێک لەشوێنە گشتییەکان و پابەندبوونی هاووڵاتیان کاریگەری باشیان هەبووە لەسەر دۆخەکە."

 

وتیشی، ئەگەر پابەندبوونی هاوڵاتیان بەوشێوەیە بەردەوامبێت و تێکەڵی و قەرەباڵغی دروست نەکرێت و هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن، ئەوا لەماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەی داهاتوو ئەنجامی باش و دڵخۆشکەری دەبێت.

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد: "لەگەڵ ئەوەشدا بە کەمبوونەوەی ژمارە حاڵەتەکان ناتوانین بڵێین ئیتر کۆرۆنا تەواو بوو و هەموو شتێک باش دەبێت، بەڵکو پێویستە خۆپارێزی و پابەندبوونی هاووڵاتیان بەڕێنماییەکان بەردەوامبێت."

 

جەختیشیکردەوە، لەئێستادا لە هۆشیاری و پابەندبوونی هاووڵاتیان بە ڕێنماییەکان ڕازین، بەڵام پێویستە زیاتر تاک پارێزی ئەنجامبدرێت، چونکە پابەندنەبوونی کەسێک، مەترسی بۆسەر چەند کەسێک دەبێت، نەک تەنها خۆی. 

 

بەپێی دواین ئامار، حەوت هەزار و 48 توشبووی کۆرۆنا لە سەرانسەری هەرێم هەن، لەو ژمارەیە دوو هەزار و 520 کەسیان چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەکانیان بەجێهێشتووە، بەڵام 240 کەسیان بەهۆیەوە مردوون.