گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێمیش بەکاری دەهێنێت

عێراق بڕیاری دا دەرمانە ڕوسییەکە بۆ چارەسەری کۆرۆنا بەکاربهێنێت

2020.07.05 - 11:27
عێراق بڕیاری دا دەرمانە ڕوسییەکە بۆ چارەسەری کۆرۆنا بەکاربهێنێت

ناس کورد- 

وەزیری تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە دەرمانە ڕوسییەکە بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەکاربهێنن و دەڵێت، بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە عێراق تەنها لە ڕێگەی پابەندبوونی هاووڵاتیانەوە دەبێت بە بەڕێکارەکانی خۆپارێزیەوە.

 

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباحی نیمچە فەرمی ڕایگەیاند: "شارەزایانی تەندروستی ڕەزامەندییان داوە لەسەر بەکارهێنانی ئەو دەرمانەی کە لەلایەن ڕوسیا دیاریکراوە وەک چارەسەرێک بۆ توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆیە بڕیارمانداوە بۆ لەمەوداو ببێت بە بەشێک لە پرۆتۆکۆلی تایبەت بە چارەسەرکردنی توشبووانی پەتاکە."

 

وتیشی: "لە ئێستادا دەرمانە ڕوسییەکە لەلایەن چەندین وڵاتەوە بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی پەتاکە بەکاردەهێنرێت، لەلایەن شارەزەیان وڕاوێژکارانی وەزارەتی تەندروستیی عێراقیشەوە دڵنیایی لەسەر سەلامەتی بەکارهێنانی چارەسەرەکە دراوە ."


زیاتر بخوێنەوە: تەندروستیی هەرێم وادەی گەیشتنی چارەسەرە ڕوسییەکەی کۆرۆنا ئاشکرادەکات

 

وەزیری تەندروستیی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو، هەموو هەوڵەکانییان خستوەتەگەر لە پێناو ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئەو مەبەستەش پێداویستی پزیشکی و کەلوپەلی تاقیگەیی زۆریان دابینکردووە."



تەمیمی داواشی لە هاوڵاتیانی عێراق کردووە پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن لە نەخۆشییەکە چونکە تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگاربوونی وڵات لەو پەتایە.

 

 لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بە پەتاکە لە عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 60 هەزار کەس و زیاتر لە دوو هەزار 300 کەس بەنەخۆشییەکە مردوون.