گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ترەمپ وادەى بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنای ڕاگەیاند.. ساڵی داهاتوو؟

2020.07.05 - 09:53
ترەمپ وادەى بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنای ڕاگەیاند.. ساڵی داهاتوو؟

ناس کورد-

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا مژدەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن وڵاتەکەیەوە دا بە جیهان و دەڵێت، زۆر پێش کۆتایی ئەمساڵ ڤاکسینەکە بەردەست دەبێت.

 

ترەمپ لە میانی وتارێکیدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند: "پێش کۆتایی ساڵی 2020 بە ماوەیەکی زۆر ئەمریکا ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەم دەهێنێت".

 

وتیشی: "پێشکەوتنێکی باشمان لەو بوارەدا بەدەستهێناوە، پلانە ستراتیژییەکانمان بە شێوەیەکی باش کاردەکەن و ئەنجامی باشیان هەبووە".

 

ترەمپ لە وتارەکەیدا جارێکی دیکە هێرشی کردەسەر وڵاتی چین و بە هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تۆمەتبارکرد و وتی: "دەبێت چین لەسەر خەمساردی و بێباکی لە بەرگرتن لە پەتاکە سزا بدرێت".

 

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد: "لە 99%ی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ئەمریکا مەترسیدار نین".

 

ئەمە لە کاتیدایە بەگوێرەی داتاکانی زانکۆی "جۆن هۆبکنز"ی ئەمریکی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی 48 هەزار کەس لە ئەمریکا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون  و 252 توشبووی ڤایرۆسەکەش گیانیانلەدەستداوە. 

 

لە ئێستادا ئەمریکا لەڕووی ژمارەى توشبووان و حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پێش وڵاتانی دیکەی جیهانییەوە کە تائێستا زیاتر 129 هەزار حاڵەتی مردن بەنەخۆشییەکە تۆمارکراوە و ژمارەی ئەو کەسانەشی کە گیرۆدەی نەخۆشییەکە بوون نزیکبووەتەوە لە سێ ملیۆن کەس.