گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕەجا جەداوی دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد

2020.07.05 - 09:18
ڕەجا جەداوی دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد

ناس کورد-

لەدوای توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و مانەوەى لە نەخۆشخانە، ڕەجا جەداوی ژنە هونەرمەند و ئەکتەری بەناوبانگی میسر لە تەمەنی 82 ساڵێدا کۆچی دواییکرد.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ی تەموزی 2020، ئەمیرە حەسەن، کچی ڕەجا جەداوی لە فەیسبوکی خۆی هەواڵی مردنەکەى ڕاگەیاند.

جەداوی لە 24ى ئایاری ڕابردوودا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، پاش خراپبوونی  دۆخی تەندروستی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئیسماعیلییەی میسر چارەسەری وەرگرتووە وخراوەتە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردەوە.

 

میدیاکانی میسر دەڵێن، سەربارەی ئەوەی جەداوی پلازمای خوێنیش وەرگرتووە و لە ماوەی 43 ڕۆژدا سێ جار پشکنینی ڤایرۆسەکەی بۆ کراوە هەموویان دەریانخستووە کە جەداوی لە ڤایرۆسەکە ڕزگاری بووە، بەڵام بەهۆی لێکەوتەکانی نەخۆشییەکە و لە تەمەنی 82 گیانی سپاردوە.

 

ڕەجا جەداوی لە شستەکانی سەدەی ڕابردووە تێکەڵی کاری هونەری بووە، سەرەتا وەک خانمە نمایشکارێکی پۆشاک کاری کردووە ولە ڕێگەی پورییەوە تەحییە کاریۆکا سەماکارو ئەکتەری بەناوبانگی میسر چووەتە نێو ژیانی نواندنەوە، چەندین فیلم و زنجیرە درامای هەیە، یەکێک بووە لەو ژنە ئەکتەرانەی کە زۆرترین  کاری هونەریان هەبووە لەگەڵ هونەرمەندی بەناوبانگی میسرعادل  ئیمام، دواین دەرکەوتنی جەداوی لە مانگی ڕەمەزانی ڕابردوو بوو لە بەرنامەیەکی ژنە سەماکار و ئەکتەری میسر فیفی عەبدو بەناوی ( خلی بالک من فیفی).