ناس کورد-
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، شەش ڕۆژی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری لە هەولێر سودی گەورەی هەبووە و ڕاشیگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ کۆتایی هات و درێژناکرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە 4ی تەموزی 2020، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێری ڕایگەیاند: "پێش ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، ژمارەی توشبوونی ڕۆژانە لە هەولێر گەیشتە 80 کەس، بەڵام دوای شەش ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆ دوێنێ هەینی ژمارەی ڕۆژانە 30 توشبوو بووە و ئەمڕۆ 25 کەس بووە".
وتیشی: "بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە پێویستمان بە 28 ڕۆژە، بەڵام بەهۆی بژێوی و کاری هاووڵاتیانەوە ناتوانین قەدەغە درێژبکەینەوە و لە کاتژمێر 12ی ئەمشەوەوە قەدەغەی هاتوچۆ کۆتایی دێت، بەڵام هەندێک ڕێکاری نوێ ڕادەگەیەنین".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستمان بە 28 ڕۆژ کەرەنتینی تەواو و خود کەرەنتینەیە، ئێستا شەش رۆژی تەواو بووە و داوا دەکەین هاووڵاتیان خۆیان ئەو 22 ڕۆژە خۆیان کەرەنتینە بکەن".
باسی لەوەشکرد: "ڕێکارە نوێیەکانیان ئەوەیە کە لە کاتژمێر8:00ی شەو تاوەکو 5:00ی بەیانی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی دەبێت و هیچ شوێنێک نابێت کرابێتەوە، هەروەها ڕۆژانی هەینیش قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت".