گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆحانی بۆ یەکەمجار بە دەمامکەوە دەرکەوت

هەر کەسێک لە ئێران دەمامک نەبەستێت ناتوانێت سود لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان ببینێت

2020.07.04 - 17:49
هەر کەسێک لە ئێران دەمامک نەبەستێت ناتوانێت سود لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان ببینێت

ناس کورد-

سەرۆککۆماری ئێران داوای لە هاوڵاتانی وڵاتەکەی کرد دەمامک بپۆشن، هۆشداریش دا لەوەی ئەگەر هەر شوێنکارێک پابەندی ڕێکارەکانی خۆ پارێزی نەبێت دادەخرێت و هەر هاوڵاتییەکیش دەمامک نەپۆشێت مامەڵەکەی لە فەرمانگە حکومییەکاندا ڕایی ناکرێت.

 

ئەمڕۆ شەممە، 4ى تەموزی 2020، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارێکدا بە دەمامکەوە ڕایگەیاند: "پۆشینی دەمامک لە شوێنە گشتی و داخراوەکاندا لە سبەینێ یەکشەمەوە دەبێتە زۆرەملێ".

 

وتیشی: "دەبێت فەرمانبەرانی حکومەت لە کاتی دەوامکردنیاندا لە فەرمانگەکانی خۆیان  دەمامک بپۆشن و هەر فەرمانبەرێکش لە کاتی دەوامدا پابەندی ئەو بڕیارە نەبێت ئەوا ئەو ڕۆژەی بە نەهاتوو بۆ هەژمار دەکرێت و دەبێت ڕەوانەی ماڵەوە بکرێتەوە".

 

سەرۆککۆماری ئێران هوشداریشی دایە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کە دەبێت پابەندی بڕیاری پۆشینی دەمامک بن، بەپێچەوانەوە هەر فرۆشگا و شوێنکارێک پابەندی ئەو بڕیارە نەبێت  شوێنەکەی بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت وهەر هاوڵاتییەکیش دەمامک نەپۆشێت مامەڵەکەی لە فەرمانگەکانی حکومەتدا ڕایی ناکرێت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، ڕۆحانی بەوناسراوە کە بەدەگمەن دەمامک دەپۆشێت، بەڵام ماڵپەرێکی فەرمی سەر بەحکومەتی ئێران، وێنەکانی ڕۆحانی بڵاوکردەوە کە دەمامکی پۆشیوە. 

 

 سەرۆککۆماری ئێران لەو تارەکەیدا باسی لە گرنگی هەماهەنگی  نێوان هاووڵاتیان و دەزگا تەندروستییەکانی وڵاتەکەی کردووە  لە ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی کە توشبووی پەتاکە بوون و وتی: "لە ڕووی ئاینییەوە نابێت هیچ کەسێک کە توشی نەخۆشییەکە بووە نەخۆشییەکەی بەنهێنی بهێڵێتەوە و بە کەس نەڵێت چونکە دەبێتە هۆکاری زیانگەیاندن بە کەسانی تر".

 

بەگوێرەی داتای فەرمی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لەئێستادا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە گەیشتووەتە نزیکەی 238 هەزار کەس و زیاتر لە 11هەزار کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوە.