گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

میسى و ڕۆناڵدۆ لەیەک یانەدا.. ئایا خەونى سەدان ملیۆن هاندەر بەدی دێت؟

2020.07.04 - 16:24
میسى و ڕۆناڵدۆ لەیەک یانەدا.. ئایا خەونى سەدان ملیۆن هاندەر بەدی دێت؟

ناس کورد-

جارێکى تر راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لە ئەگەرى ڕۆیشتنى لیۆنێل میسى ئەستێرەى ئەرجەنتی دەکەن لە بەرشەلۆنە، لەگەڵ بوونى چەندین یانە کە ئامادەن گرێبەستى لەگەڵدا بکەن بە بەهاى ملیۆنان دۆلار، لەسەرووى هەمویانەوە مانچستەر سیتی و یۆڤانتۆس.

 

پێدەچێت مانچستەر سیتی زیاتر بەلاى میسەوە لە پێشینە بێت، بەهۆى بوونى گواردیۆلاى ئیسپانى لەسەرووى تیمى هونەرى یانە ئینگلیزییەکە، ئەوەش بەوتەى ریڤاڵدۆى بەرازیلى ئەستێرەى پێشووى بەرشەلۆنە.

 

بەپێی رادیۆى "كادينا سير"ى کەتەلۆنى، میسى ئامادەیە گفتوگۆکانى هەڵپەسێرێت بۆ نوێکردنەوەى گرێبەستەکەى کە لە هاوینى 2021 کۆتایی دێت و لەرێگەیەدا بەرەو جێهیشتنى کامپ نو، دواى کەڵەکەبوونى کێشە و ناکۆکییەکان لەگەڵ کاپیتى بەرشەلۆنە و ئیدارەى یانەکە.

 

بەوتەى ریڤاڵدۆ، میسى ئامادەیە لە خولى ئینگلیزى یاریی بکات، بڕیاردان لەسەر جێهێشتنى بەرشەلۆنە ماناى ئەوە دەگەیەنێت کە کارەکان باش بەڕێوەناچن لەژورى خۆگۆڕینى یاریزانان و ماندووە لە کێشە کەڵەکەبووەکان بەدرێژایی چەند مانگى ڕابردوو.

 

وتیشى، "کاتێک گرێبەستى میسى کۆتایی دێت تەمەنى دەبێتە 34 ساڵ، بەڵام شارەزایی و تواناى میسى رێگەى پێدەدەن بە ئاسانى لە خولى ئینگلیزى یاریی بکات، سەرەڕاى بوونى پەیوەندى ویژدانى لەگەڵ بەرشەلۆنە، بەڵام مافى خۆیەتى بڕوات و لەژێر سەرکردایەتى گواردیۆلادا یاریی بکات".

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، كريستيان مارتن رۆژنامەنوسى ئەرجەنتینى باسى لەوەکردووە، مان سیتى دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ میسى واژۆبکات، دوایین هەواڵیش ئەوەیە ئەگەرى رۆیشتنى میسى بۆ ئەو یانەیە راستەقینەیە و سەرچاوەکانى لە کەتەلۆنیا و ئینگلتەرا جەختیان لەوەکردووە.

 

بەڵام یانەیەکى دیکە کە خوازیارە میسى بچێتە ریزەکانییەوە یۆڤانتۆسە بۆ دیهێنانى خەونى سەدان ملیۆن کەس لە جیهاندا تا ببینن میسى و کریستیانۆ رۆناڵد پێکەوە لەیەک یانەدا یاریی دەکەن.

 

لەبارەى ئەو خەونەوە، ریڤاڵدۆ دەڵێت، "ئەگەر ئەوە رووبدات هاوشێوەى تەقینەوەیەکى ئیجابی دەبێت بۆ تۆپی پێ، دڵنیام یوڤانتۆس هەر بڕە پارەیەک دەدات بۆ ئەوەى لەماوەیەکى کورتدا میسى بەلاى خۆیدا رابکێشێت، لەبەرئەوەى ئەو کارە مێژویی و بێپێشینە دەبێت، بۆ بینینى دوو ئەستێرەى لەو شێوەیە لەیەک یانەدا".