گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ژمارەی ئاڵاکانی نێو شەنگال لە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاترە

قائیمقامی شەنگال: سوپای عیراق و ‌حەشدی شەعبی نەچونەتە دەرەوە لە شارەکە

2019.03.03 - 19:32
قائیمقامی شەنگال: سوپای عیراق و ‌حەشدی شەعبی نەچونەتە دەرەوە لە شارەکە

 

ناس کورد- فوئاد عەبدوڵا

نوسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی دەستەی ‌حەشدی شەعبی، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردووە دۆسیەی ئەمنی شارەکە ڕادەستی پۆلیسی شارەکە کراوە، لە بەرامبەردا، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی موسڵی یەكیتی و قائیمقامی شارەکە ڕەتیانکردەوە دۆسیەی ئەمنی شارەکە ڕادەستی پۆلیس کرابێت.

 

نوسینگەی فالح فەیاز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی دەستەی ‌حەشدی شەعبی لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئاشکرایکردوە: "سەنگەرەكانی سوپای عیراق دەگەڕێنەوە دەرەوەی قەزاكە و شاخی شەنگال".

 

لە بارەی ڕاگەیاندراوەكەی نوسینگەی فالح فەیازەوە، مەحما خەلیل قائیمقامی قەزای شەنگال تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "پێمان خۆشە ئاسایشی قەزاكە و دۆسیەی ئەمنی بەدەست هاوڵاتیانی شارەكەوە بێت، بەڵام تا ئێستا هیچمان پێ نەگەیشتووە لەو بارەیەوە، ئەوەی دەیبینین لە ناو شەنگالدا بە جۆرێکە زۆری ئاڵا هەڵكراوەكانی لایەنەکان و ژمارەیان لە ژمارەی دانیشتوانی ئێستای زیاترە" .

مەحما خەلیل ئەوەشی وت: "لە ناو قەزاكەدا هێزی چەكداری جۆراوجۆری تێدایە وەك(سوپای عیراق، حەشدی شەعبی، پەكەكە، هێزەكانی پاراستنی شەنگال و هێزی پێشمەرگە )، هاوڵاتیانی شارەکەش تا ئێستا نەگڕاونەتەوە بەهۆی ترسیان لە بارودۆخی ئەمنی".

 

لە لایەکی ترەوە غەیاس سورچی لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی موسڵی یەكیتی لە لێدوانێکیدا بۆ ناس کورد هەواڵی کشانەوەی سوپای عیراقی ڕەتکردەوەو وتی: "تا ئێستا كشانەوەكە تەنها لە هەواڵەكاندا هەیە، لە سەر ئەرزی واقیع هیچ لە ئارادا نیە ".