گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دیارترین ناکۆکییەکان چین؟

پەرلەمان هەوڵەکانى بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی بازنەکانى هەڵبژاردن چڕ دەکاتەوە

2020.07.04 - 09:35
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمان هەوڵەکانى بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی بازنەکانى هەڵبژاردن چڕ دەکاتەوە

ناس کورد-

 

لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، لەکۆبوونەوەکانى بەردەوامە بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی یەکلاکردنەوەى دابەشکردنى بازنە جیاجیاکانى هەڵبژاردن، لەچوارچێوەى پاشکۆى تایبەت بە یاساى هەڵبژاردن، پێش ئەوەى رەوانەى سەرۆکایەتى کۆمار بکرێت بۆ پەسەندکردن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

محەمەد عزى جێگرى سەرۆکى لیژنەى یاسایی بە رۆژنامەى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، خشتەیەکیان ئامادەکردووە کە تێیدا ژمارەى کورسییەکانى پارێزگاکان و جۆرى بازنەى هەڵبژاردنیان دیاریکردووە، لەگەڵ چۆنیەتى دابەشکردنى کورسییەکان بەسەر بازنەکاندا.

 

وتیشى "پرسی بازنەى جیاجیا لەلایەن حکومەتەوە ئامادە نەکراوە، بەڵکو لیژنەى یاسایی ئامادەیکردووە و لەلایەن پەرلەمانەوە تێدەپەڕێنرێت".

 

محەمەد عزى باسى لەوەشکردووە، گفتوگۆکان بەردەوامە لەگەڵ لایەنە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لەبارەى سیستەمى هەڵبژاردنەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان پشتیوانى بازنەى جیاجیا دەکات و بە باشترین یاسا دایدەنێت بۆ دۆخى ئێستاى عێراق.

 

ئەوەشى خستووەتەڕوو، یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق تەواوبووە و پەرلەمان دەنگى لەسەر داوە، جگە لە ماددەى تایبەت بە خشتەى دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن "ژمارەى کورسییەکان لە خولى نوێدا وەک خۆیان دەمێننەوە، بەهۆى ئەنجامنەدانى سەرژمێرییەوە، ئەگەر وەزارەتى پلاندانان ئەو کارە بکات ژمارەى کورسییەکان دیاریدەکرێت".

 

سەربارى هەوڵەکان بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی بازنەکانى هەڵبژاردن، لیژنەى یاسایی پەرلەمان بەم دواییە بانگهێشتى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى کردووە بۆ تاوتوێکردنى پرسی هەڵبژاردنى تایبەت و گشتى و جیاکردنەوەى دەنگەکان و میکانیزمى خێراکردنى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان.

 

ئەڵماس فازڵ ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمان ڕایگەیاند، بەهۆى ناکۆکییەکانەوە لەسەر ئەو پرسانە هێشتا یاساى هەڵبژاردن رەوانەى سەرۆکایەتى کۆمار نەکراوە تا پەسەند بکرێت.

 

وتیشى "رێگرى سەرەکى کە روبەڕووى یاساکە بووەتەوە ئەوەیە وەزارەتى پلاندانان و بازرگانى ئامارى پێویستیان لەبەردەست نییە تا پشتى پێببەسترێت لە پڕۆسەى دەنگدان و سەرژمێرى و دابەشکردنى بازنەکان".

 

بەوتەى ئەڵماس فازڵ، ناکۆکى سیاسیی هەیە لەسەر زیاتر لە 80 قەزا و ناحیە لەناوچە جیاجیاکان لەبارەى پشتبەستن بە سیستەمى فرە بازنەیی لەناو یەک پارێزگادا.