گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: کازمی پشتی لەئێران کرد و دڵنیایی دا کە هاوبەشێکی باوەرپێکراوی ئەمریکایە

2020.07.03 - 21:21
ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: کازمی پشتی لەئێران کرد و دڵنیایی دا کە هاوبەشێکی باوەرپێکراوی ئەمریکایە

ناس کورد-

ڕاپۆرتێکی ئەمریکی ئاشکرایکرد، هەنگاوەکانی کازمی بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەتی عێراقی بەشێکە لە سیاسەتی ناوبراو لە پێناو دڵنیاکردنەوەی ئەمریکا لەوەی کە ئەو هاوبەشێکی ئەمنیی باوڕەپێکراوە ئەوەش پێش ئەنجامدانی سەردانەکەی بۆ واشنتۆن لەم مانگەدا. 

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای "توێژینەوەکانی جەنگ" لە واشنتۆن: "هەوڵەکانی کازمی بۆ ڕێگرتن لە هەژموونی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەتی عێراقی وەک ئاماژەیەکی دڵنیاکەرەوەیە بۆ ئەمریکا کە ناوبراو هاوبەشێکی ئەمنیی باوەرپێکراوە وهاوپەیمانی ئەمریکایە".

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: " کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەروازەی سنوری (قائیم)ی نێوان سوریا و عێراق لە پارێزگای ئەنبار کە ماوەی چەند ساڵێکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیای (کەتائیبی حیزبوڵا)ی نزیک لە ئێراندابوو، ناردنی  هێزێکی زۆری سوپای عێراق بۆ ئەو شاروچەکەیە کە دانیشتوانەکەی سونە مەزهەبن ئەوەش پاش سکاڵایەکی زۆری هاووڵاتیانی شارۆچەکەکە لە ڕەفتار وهەڵسوکەوتی ناشرینی ئەو میلیشیایە، بەشێکە لە ئامادەکاری کازمی بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ ئەمریکا". 

 

ڕاپۆرتەکەی پەیمانگای " توێژینەوەکانی جەنگ" لە واشنتۆن، باسیلەوەکردوە: " ساڵانێکی زۆر میلیشیاکانی نزیک لە ئێران دەستیان بەسەر زۆربەی دەروازە سنورییەکانی عێراقدا گرتووە و لە ڕێگەیەوە کاری بەقاچاخبردن و وەرگرتنی باج و سەرانە بە شێوەیەکی نایاسای لە خەڵک وەردەگرن".

 

ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە ئاماژەی بە ئۆپڕاسیۆنەکەی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق کردووە دژ بە میلیشیاکانی کەتائیبی حیزبوڵا  لە ناوچەی (دۆرە)ی شاری بەغدا کە تێیدا ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو میلیشیایە دەستگیرکران بە تۆمەتی هاویشتنی موشک بۆ سەر ناوچەی سەوز و بەئامانجکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لەو ناوچەیە.

 

هاوکات ڕاپۆرتەکە باسی، لە کاردانەوەی ئەو میلیشیایە کردووە کە هەوڵیانداوە بەچەکی قورسەوە هەڵکوتنە سەر بارەگای کازمی و هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە  ناوچەی سەوز و هەڕەشکردن لە سەرۆکوەزیران ئەگەر هاتوو لە ماوەی 24 کاتژمێردا گیراوەکانیان ئازاد نەکرێن.

 

لەڕاپۆرتەکەی پەیمانگای" توێژینەوەکانی جەنگ" لە واشنتۆن، تیشک خراوەتە سەر هەوڵە سیاسییەکان کە لە ئێستادا هاوتەریبن لەگەڵ  هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان میلیشیاکانی نزیک لە ئێران و مستەفا کازمییەوە کە لە ئێستادا ڕەوتێکی سیاسیی نوێی بۆ داکۆکیکردن لە کازمی لە پەرلەمانی عێراقدا دروستبووە کە 41 پەرلەمانتار لەخۆ دەگرێت.

 

ئاماژە بەوەکراوە: "پێشبینی دەکرێت ئەو کوتلە پەرلەمانیەی کە کەئێستا لەناو پەرلەمانی عێراقدا دروستبووە بۆ پاڵپشتیکردنی کازمی یەک هەڵوێست بنوێنن لەگەڵ لایەنەکانی کورد و سونە کە لە ئێستادا ئەوانیش داکۆکی لە دەسەڵاتی کازمی دەکەن".