ناس کورد- ئاکۆ حەمەد رابی
سوپای پاسدارانی ئێران لە کوێستانەکانی گوندی وێزەی باڵەکایەتی دەستڕێژی گولەیان لە مەڕداران کرد و بەهۆیەوە شوانکارێکی مێردمنداڵ برینداربوو.
عەبدوڵا وێزەیی، موختاری گوندی وێزە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی سوپای پاسدارانی ئێران تەقەیان لە مەڕداران و شوانکارانی کوێستانەکانی گوندی وێزەی باڵەکایەتی کرد و لە ئەنجامدا شوانکارێک بە سەختی برینداربوو".
وتیشی، شوانکارەکە ناوی هەڵوێست مەلایەو تەمەنی 15 ساڵانە، بۆ چارەسەر گواستراوەتە بۆ نەخۆشخانەی قەزای چۆمان.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی چەند هەفتەیەکە هەریەک لە ئێران و تورکیا بۆردومان و لەشکرکێشی و هێرشیان بۆسەر ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و بەهۆیەوە چەندین هاووڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی.