گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێكی عێراق هۆكاری دواكەوتنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران ئاشكرا دەكات

2020.07.03 - 17:37
پەرلەمانتارێكی عێراق هۆكاری دواكەوتنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران ئاشكرا دەكات

ناس کورد- 

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، بەهۆی تێپەڕاندنی یاسای قەرزەكان و نەبوونی سیولەوە موچەی فەرمانبەران و خانەنشیان بۆ ئەم مانگە دوا كەوتووە.

 

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق  بەناس كوردی ڕاگەیاند: " حكومەت هیچ سیولەیەكی كاشی لەبەردەستتدا نیە بۆ خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران و خەزێنەكەشی جگە لە 3 ترلیۆن دینار چی دیكەی تێادا نیە".

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، عێراق بەڕێژەی 95.7% پشتی بەداهاتی نەوت بەستووە بۆ بودجەكەی و داهاتی نەوتیش بۆ مانگی حوزەیران گەیشتووەتە 2 ملیار و 800 هەزار دۆلار.

 

كۆچەر باسی لەوەشكرد، بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران بۆ هەموو مانگێك عێراق پێویستی بەبڕی 5 ملیار و 5 هەزار دۆلار هەیە، بۆیە پەرلەمان بڕیاری لەسەر یاسای قەرزدا بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە.

 

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەوەشی ڕوونكردەوە، حكومەت لە 18ی مانگەوە ڕێنمایی خەرجكردنی موچەی بۆ هەموو مانگێك دەركردووە بۆ ئەوەی تا كۆتایی مانگ بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان ئامادەبێت .

 

ئەوەشی خستەڕوو، پەرلەمان 24ی مانگی ڕابردوو دەنگی لەسەر یاسای قەرزەكان دا و ڕۆژێك دوای پشووەكەش سەرۆككۆمار واژۆی لەسەر كرد و ئەوەش قەرزكردن و پێدانی موچەكەی دواخست.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر ئەندامێكی هاوپەیمانی فەتح لەپەرلەمانی عێراق سەرسوڕمانی خۆی لەدواكەوتنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران دەربڕی و ڕاشیگەیاند، حكومەت سیولەی دارایی لەبەردەستتدایە, بەڵام نازانرێت بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی دواخستووە.