ناس کورد-
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند، بەراورد بە شەش مانگی ساڵی ڕابردوو لەمساڵدا %80 ڕێژەی گەشتیار لە هەرێم کەمیکردووە، دەشڵێت، بەوەش پێشبینیدەکرێت، کۆرۆنا زیانی نیو ملیار دۆلاری لە بازاڕ و بنکە گەشتیارییەکانی هەرێم دابێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک نوسیویەتی: " شەش مانگی ساڵی رابردوو زیاتر لە یەک ملیۆن و 850 هەزار گەشتیار هاتبوونە هەرێم، ئەم ساڵ زیاتر لە %80ی نەما".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە شەش مانگی ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆنا بەراورد بە پار ساڵ مەزندە دەکرێ، زیاتر لە نیو ملیار دۆلار (500 ملیۆن دۆلار) داهاتی گەشتیاری زیانی بە بازاڕەکان و بنکەکانی گەشتیاری گەیاندبێت".
ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆمەڵێک ڕێکار لە جیهان و هەرێمی کوردستانیش پەیڕەوکران و بەشێك لەشوێنە گشتییەکان داخران، لەنێویاندا شوێنە گەشتیارییەکان، ئەوەش زیانی گەورەی ئابوری بە هەندێک وڵات گەیاندووە.