گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گڕە دەستپێدەکات

لەمڕۆوە گەرمایەکی پڕوکێنەر ڕوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات

2020.07.03 - 11:34
لەمڕۆوە گەرمایەکی پڕوکێنەر ڕوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات

ناس کورد-

کەشناسێکی عێراقی پێشبینی دەکات، لەمڕۆوە شەپۆلێکی گەرمای پڕوکێنەر بۆ ماوەی هەفتەیەک ناوچە جیاجیاکانی عێراق بگرێتەوە و لە هەندێ ناوچەش پێشبینی دەکات پلەکانی گەرما بگاتە 50 پلەی سەدی.

 

ئەمڕۆ (هەینی، 3ى تەموزی 2020) مستەفا قەیسی، شارەزای عێراقی لە بواری کەشناسیدا ڕایگەیاند :"شەپۆلێکی گەرمای پڕوکێنەر لەمڕۆوە ڕوودەکاتە ناوچە جیاجیاکانی عێراق بەتایبەتی  پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت".

 

ئاماژەی بەوەشکرد : "ئەگەری هەیە پلەی گەرما لە ناوچەکانی باشوری عێراق بەتایبەتی لە پارێزگای بەسرە بگاتە 50 پلەی سەدی".

 

ئەو کەشناسە عێراقییە ئەوەشی خستەڕوو، "لەو ماوەیەدا پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان (44 بۆ 46 )پلەی سەدی دەبن و لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق پلەکانی گەرما تێیاندا لە نێوان (47 و 49) پلەی سەدی تۆمار دەکەن و لەناوچەکانی باشوری عێراقیشدا پلەکانی گەرما لەنێوان (48 بۆ 50 )پلەی سەدی دەبێت".

 

 بەگوێرەی پێشبینییەکانی قەیسی، ئەمڕۆ (هەینی) کە یەکەم ڕۆژی دەسپێکردنی ئەو  شەپۆلە گەرمایەیە، پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی عێراق بەم شێوەیە دەبن "هەرێمی کوردستان لە نێوان( 40 بۆ 45 )پلەی سەدی، ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق ( 45 بۆ 47) پلەی سەدی دەبێت و باشوری عێراق ( 47 بۆ 48 )پلەی سەدی دەبێت".

 

قەیسی پێشبینی کردووە سبەی (شەممە) پلەکانی گەرما  لەناوچەکانی  هەرێمی کوردستان لەنێوان(44 بۆ 46) پلەی سەدی بن، ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراقیش لە نێوان ( 46 بۆ 49) پلەی سەدی تۆماربکرێن، پلەکانی گەرماش لە ناوچەکانی باشوری عێراق لەنێوان( 48 بۆ 50 ) پلەی سەدی تۆماربکرێن".

 

ئەو کەشناسە عێراقییە ، ئاماژەى بەوەشکردووە لە گەڵ بەرزبوونەوەى پلەی گەرما بای ( گڕە)ش هەڵدەکات کە زیاتر وا دەکات  کەش عێراق لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا پڕوکێنەر و بێزارکەربێت و هاووڵاتیانیش لە ئاکامدا  توشی شەکەتی بکاتەوە.

 

 ئەو کەشناسە عێراقییە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای عێراق چەند  ئامۆژگاریەکیشی داوە بە هاووڵاتیان بۆ خۆپارێزی لەو گەرما پڕوکێنەر وەک "دورکەوتنەوە لە تیشکی خۆر لەو ماوەیەدا، خواردنەوەی ئاو و گیراوەکان، دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی ئەو خواردنانەوەی کە ڕێژەیەکی شەکر و کافائینی تێیدایە،  پۆشینی جلوبەرگی تەنک و بەرین  و بەکارهێنانی کڵاو و چاویلکە بە تایبەتی لەلایەن ئەو کەسانەوە  کە لە کەرتی کشتوکاڵی و بیناسازیدا کاردەکەن و ماوەیەکی دوورو درێژ ناچاردەبن لە دەرەوە بن".