گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شوێنى نیشتنەوەى فڕۆکەى سەربازیشیان جیاکردۆتەوە

هێزەکانى ئەمریکا بنکەیەکى سەربازى لە رۆژهەڵاتى شارى حەسەکە دادەمەزرێنن

2020.07.03 - 10:20
هێزەکانى ئەمریکا بنکەیەکى سەربازى لە رۆژهەڵاتى شارى حەسەکە دادەمەزرێنن

ناس کورد-

ڕوانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، هێزەکانى ئەمریکا لە تەل کۆچەر لە رۆژهەڵاتى شارى حەسەکە فڕۆکەخانەیەکى کشتوکاڵییان کردووە بە بنکەیەکى سەربازى.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى ڕوانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، لەو بنکە سەربازییە تازەیەى ئەمریکادا شوێنى نیشتنەوەى فڕۆکەى سەربازى جیاکراوەتەوە و چوار دەورى بنکە سەربازییەکەش بە بەربەستى کۆنکرێتى و ساترى خۆڵ دەورە دراوە.

 

دامەزراندنى ئەو بنکە سەربازییەى ئەمریکا لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕوانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاماژەى بە هاتنە ناوەوەى کەژاوەیەکى سەربازى ئەمریکاى کرد لە رێگەى هەرێمى کوردستانەوە بە ئاراستەى باکورى رۆژهەڵاتى سوریا و بەگوێرەى راگەیەندراوى ئەوکاتى ڕوانگەکە کاروانە سەربازییەکەى ئەمریکا بەرەو شارى شەدادى حەسەکە ڕۆشتووە و پاشان لەوێوە چوونەتە بنکەى قەسرک.

 

بەگوێرەى ڕوانگەکە کاروانە سەربازییەکە لە 19 بارهەڵگر پێکهاتبوو کە 13 بارهەڵگریان کەرەستەى لۆجیستى و سەربازى هەڵگرتبوو و 5 دانەکەى تریان ئۆتۆمبیلى سەربازى بوون بۆ پارێزگاریکردن لە کاروانە سەربازییەکە.

 

لە مانگى نیسانى رابردوو، هێزەکانى ئەمریکا بنکە سەربازییەکانى خۆى لە هەردوو پارێزگاى دێرەزوور و حەسەکە بەرفراوانکرد بۆ ئەوەى ناوچەکە نەچێتە ژێر هەژموونى روسەکان.