گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئۆزبەکستان 3 هەزار دۆلار دەبەخشێتە توشبووانى کۆرۆنا

2020.07.03 - 09:38
ئۆزبەکستان 3 هەزار دۆلار دەبەخشێتە توشبووانى کۆرۆنا

ناس کورد-

کۆمارى ئۆزبەکستان بڕیاریدا بڕى ٣ هەزار دۆلار بداتە هەر گەشتیارێک کە لەسەردانیکردنى ئەو وڵاتە توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بێت.

 

شەوکەت میرزیاف، سەرۆکى ئۆزبەکى بڕیارێکى دەرکرد و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە وەک قەرەبووکردنەوەى ئەو گەشتیارانەى کە ڕوو لەوڵاتەکەى دەکەن و توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا دەبن، بڕى سێ هەزار دۆلار دەبەخشرێتە گەشتیارە توشبووەکە.

 

بۆ بەدەستهێنانى پارەکەش پێویستە لەسەر گەشتیارەکە ئەوە بسەلمێنێت کە گەشتەکەى بۆ ئەو وڵاتە لەرێگەى گەشتێکى تۆمارکراوى ناوخۆیی لەگەڵ رێنیشاندەرێکى گەشتیارى هاووڵاتى ئۆزبەکستان بووە و لەچوارچێوەى گەشتى ئەو وڵاتانەدا بێت کە ئۆزبەکستان سنورى بەڕوودا ئاوەڵاکردوون.

 

ئەو وڵاتانەش کە ئۆزبەکستان سنورى بەڕوویان ئاوەڵا کردووە بریتین لە چین و یابان و کۆریاى باشور و ئیسرائیل، بەو پێیەى ئەو وڵاتانە توانیویانە کۆنترۆڵى تەشەنەکردنى ڤایرۆسەکە بکەن، بەڵام سەبارەت بە گەشتیارى وڵاتانى دیکە ئەوا لەکاتى گەشتکردنیان بۆ ئۆزبەکستان 14 ڕۆژ کەرەنتینە دەکرێن.

 

وڵاتى ئۆزبەکستان یەکێکە لەو وڵاتانەى کە لەگەڵ دەرکەوتنى ڤایرۆسى کۆرۆنا ڕێوشوێنى خۆپارێزى توندى گرتەبەر و بەگوێرەى داتاکانى ئەو وڵاتە 8904 توشبوى کۆرۆنا و 26 گیانلەدەستدان بەهۆى ڤایرۆسەکەوە تۆمارکراوە.