گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گروپێك بەرپرسیارێتى خۆى لە هێرشى سەر ناوەندە ئەتۆميەكەى ئێران ڕاگەياند

2020.07.02 - 23:11
گروپێك بەرپرسیارێتى خۆى لە هێرشى سەر ناوەندە ئەتۆميەكەى ئێران ڕاگەياند

ناس کورد-

گروپێکى ئۆپۆزسيۆنى نەناسراوى ئێڕانى بەناوى "پڵنگە نيشتمانيەكان" بەرپرسارێتى خۆيان لە هێرشى سەر دامەزراوەى ئەتۆمى "نتنز" لەو وڵاتە ڕاگەياند و دەڵێن، ئەندامانى جيابوەوەى دامەزراوە ئەمنيەكانن.

 

ماڵپەڕى BBC بەشى زمانى فارسى بڵاويكردوەتەوە، دواى چەند كاتژمێرێك لە ڕووداوى تەقينەوەى دامەزراوەيەكى ئەتۆمى ئێرانى ژمارەيەك لە ڕۆژنامەنوسيان لەڕێگەى ئيمەيڵەوە نامەيەكيان بەدەستگەيشتوە و تێيدا گروپێك بەناوى "پڵنگە نيشتمانيەكان" بەرپرسيارێتى خۆيان لە هێرشەكەى سەر دامەزراوە ئەتۆميەكە كە دامەزراوەى "نتنز"ە لە ئێران كە تازە دروستكراوە ڕاگەياندوە.

 

ئەو گروپە لە نامەكەياندا باسيان لەوەكردوە، پێشتريش چەندين هێرشيان دژى حكومەتى ئێرانى ئەنجامداوە، لەوانەش هێرش بۆ سەر پێگەى ئەتۆمى لە كاشان، ئەوان گروپێكى جيابوەوەن لە دەزگا ئەمنيەكانى ئێران، پێگەكە بۆ ئەوە كراوەتە ئامانج، چونكە لەژێر زەويدا نييە و ناتوانن هێرشەكە بشارنەوە.

 

ماڵپەڕەكە ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، ناتوانن لێكۆڵينەوە لە ڕاستى بونى ئەو گروپە و پەيوەندى بە ڕوداوەكەى "نتنز"ەوە تەئكيد بكەنەوە.

 

پێشتر ڕێكخراوى وزەى ئەتۆمى ئێران چەند وێنەيەكى بڵاوكردەوە كە بارەگايەكە و گڕيگرتوە و شيكەرەوان پێيان وايە، وێنەى دامەزراوە ئەتۆميە نوێكەى ئێرانە كە لەساڵى 2018 دروست كراوە، تائێستاش ڕێكخراوى وزەى ئەتۆمى ئێرانى هيچ ڕونكردنەوەيەكى لەبارەى ڕوداوەكەوە نەداوە.

 

ڕوداوەكە دواى 6 ڕۆژ دێت لە ڕوداوێكى تر كە تەقينەوەيەكى گەورەبوو لە نزيك كۆمەڵگەى سەربازى لە ناوچەى "بارشين" لە باشورى ڕۆژهەڵاتى تاران و دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە ڕايانگەياند كە بەهۆى دزەكردنى غازەوە ڕويداوە،.