گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەگەر بگەڕێينەوە يان دەمانكوژن يان ئەشكەنجە دەدرێين

دادگاى باڵاى ئەمريكا داواى 1400 عێراقى بۆ ڕێگەگرتن لە ديپۆرتكردنەوەيان ڕەتكردەوە

2020.07.02 - 21:37
دادگاى باڵاى ئەمريكا داواى 1400 عێراقى بۆ ڕێگەگرتن لە ديپۆرتكردنەوەيان ڕەتكردەوە

ناس کورد- 

دادگاى باڵاى ئەمريكا داواكارى 1400 پەنابەرى عێراقى لەو وڵاتە بۆ ڕێگەگرتن لە گەڕانەوەيان ڕەتكردەوە كە تۆمەتى ئەنجامدانى تاوانيان لەسەرە و بڕيارە بەمنزيكانە بنێردرێنەوە عێڕاق.

 

دادگاى باڵاى ئەمريكا پشتگيرى بڕيارەكەى دادگاى ئەو وڵاتەى كرد كە بڕياريداوە بە گەڕانەوەى ئەو عێڕاقيانە و ئاماژەى بەوەداوە، دادگاى فيدراڵى دەسەڵاتى ئەوەى نييە ديپۆرتكردنەوەكە ڕاگرێت.

 

ئەو عێراقيانە كە نزيكەى 1400 كەس دەبن چەندين ساڵە فەرمانى ديپۆرتكردنەوەيان بۆ دەركراوە و هەندێكيان زياتر لە 10 ساڵە و تۆمەتى ئەنجامدانى تاوانيان لەسەرە، بەڵام تائێستا توانيويانە لە ئەمريكا بمێننەوە، ئەويش بەهۆى ڕەتكردنەوەى عێراق بۆ وەرگرتنەوەيان، بەڵام لەساڵى 2017 هەردوو وڵات رێککەوتنێكيان بۆ ديپۆرتكردنەوەى هاوڵاتيانى عێراقى واژۆكردوە.

 

دواى ئەوەش دادگاى ئەمريكى هەڵيكوتايە سەر ئەو عێراقيانە و سەدانى لێ دەستگيركردن، ئەوەش لەچوارچێوەى هەوڵێكى دۆناڵد ترامپ، سەرۆكى ئەو وڵاتە بوو بۆ ديپۆرتكردنەوەى پەنابەرانى ناياسايى، ئەو عێراقيانەش كە يەكێتى ئازاديە مەدەنيەكانى ئەمريكا نوێنەرايەتيان دەكات سكاڵايان لەسەر حكومەتى ئەمريكى لە دادگاى فيدراڵى لە ديترۆيت تۆماركرد، بە مەبەستى وەستاندنى ديپۆرتكردنەوەيان.

 

ئەو عێرايانە كە ژمارەيەكى زۆريان مەسيحين باسلەوەدەكەن، ئەگەر بگەڕێنرێنەوە عێراق ئەوا دەستگیردەکرێن و دەكوژرێن و ئەشكەنجە دەدرێن، ئێستا دەيانەوێت دادگاكانى ئەمريكا پرۆسەى ديپۆرتكردنەوەيان ڕاگرێت تا لەبەردەم دادگاى كۆچەراندا بەڵگە پێشكەش بكەن و بيسەلمێنن كە پێويست بمێننەوە، چونكە لە عێراق ڕوبەڕوى مەترسى دەبنەوە.

 

لەساڵى 2018 يش دادوەرێك لە ديترۆيت لە بەرژەوەندى عێراقيەكان بڕياريدا، بەڵام دادگاى تێهەڵچونەوەى ئەمريكى شەش لە بازنەى سينسناتى لە ولايەتى ئۆهايۆ تانەى لە بڕيارەكەدا و وەستاندى.