گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

د. زانا حەمید: دەنگۆی ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا لەڕێگەی میزەوە بۆ مەبەستی بازرگانییە

2020.07.02 - 17:12
د. زانا حەمید: دەنگۆی ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا لەڕێگەی میزەوە بۆ مەبەستی بازرگانییە

ناس کورد-

لە سلێمانی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە گوایە پشکنینی کۆرۆنا لەڕێگەی میزەوە ئەنجامدەدرێت، سەرپەرشتیاری تیمی تاقیگەی دەستنیشانکردنی کۆڕۆناش دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک شتی وا ڕاست نییە و لە سلێمانی پشکنینی لەوجۆرە ناکرێت، پێشیوایە بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە مەبەستی بازرگانیان لە پشتەوە بێت.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی حوزەیرانی 2020، لەبەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەلایەتییەکان لەزاری کارمەندێکی تاقیگەیەکەوە لەسلێمانی دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە لەڕێگەی پشکنینی میزەوە کۆرۆنا دەستنیشاندەکرێت و نزیکەی 50 پشکنینی لەو جۆرەش لەسلێمانی ئەنجامدراون.

 

لەوبارەیەوە د. زانا حەمید، سەرپەرشتیاری تیمی تاقیگەی دەستنیشانکردنی کۆڕۆنا و پزیشکی پسپۆڕ لەڤایرۆسی کۆڕۆنا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "هیچ پشکنینێکی لەوجۆرە لەهیچ تاقیگەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا لەسلێمانی ئەنجامنەدراوە و بڕیاریش نییە ئەنجامبدرێت، هەر بەهەمانشێوەی پێشووتر پشکنین ئەنجامدەدەین".

 

وتیشی، هەندێک توێژینەوەی جیهانیی هەن کە دەریانخستووە دەکرێت لەڕێگەی شلەکا لەشەوە وەک میز، پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامبدرێت، بەڵام تائێستا نەک لە هەرێمی کوردستان لە جیهانیشدا ئەو پشکنینە ئەنجامنەدراوە.

 

سەرپەرشتیاری تیمی تاقیگەی دەستنیشانکردنی کۆڕۆنا لە سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد: "پێموایە ئەوە زیاتر لەلایەن هەندێک تاقیگەی تایبەتەوە بڵاکرابنەوە و ئامانج و مەبەستێکی بازرگانی لە پشتەوە بێت".