گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەکتەرێکی بەناوبانگی کۆمیدیای ئێران کۆچی دوایی کرد.. هەوادارێکی زۆری کوردی هەیە

2020.07.02 - 16:05
ئەکتەرێکی بەناوبانگی کۆمیدیای ئێران کۆچی دوایی کرد.. هەوادارێکی زۆری کوردی هەیە

ناس کورد-

پاشنیوەڕۆی میدیاکانی ئێران هەواڵی مەرگی سیروس گورجستانی، ئەکتەری دیاری ئێرانییان بڵاوکردەوە کە لە هەرێمی کوردستانیش هەوادارێکی زۆری هەبوو و بەتایبەت کە بە کارە کۆمیدییەکانی خۆی ئاشنای بینەری کورد کردبوو.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی تەموزی 2020، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، سیروس گورجستانی، ئەکتەری دیاری سینەما و درامای ئێران لە تەمەنی 76 ساڵیدا بەهۆی نۆبەی (جەڵتە) دڵ کۆچی دوایی کرد".

 

سیاوەش گورجستانی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی میهری ئێرانی، هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: "لەشەوی ڕابردووەوە باوکم تەندروستیی تێکچوو و بردمانە نەخۆشخانە".

 

سیروس گورجستانی، یەکێک بوو لە ئەکتەرە بەئەزموون و دیارەکانی سینەما و درامای ئێران و بەشداری لە چەندین درامادا کردووە، لەوانە، ژنی بابە، تاوانبار هەڵات و دەردەسەری و چەندین دراما و فیلمی دیکە.

 

بەشێک لە دراما کۆمێدییەکانی گورجستانی دۆبلاژکراونەتەسەر زمانی کوردی و هەربەهۆی ئەوەشەوە لە هەرێمی کوردستان ناسراو و هەوادارێکی زۆری هەبوو و خەڵکێکی زۆر خۆشیاندەویست.

 

مردنی ئەو ئەکتەرە بەناوبانگە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانی تەنیوە و جگە لە هاوڕێ و هاوکارانیی، هەوادارێکی زۆریش لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی وێنە و کارەکانییەوە خەفەتباری خۆیان بە کۆچی دوایی گورجستانی دەردەبڕن.